پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵات و جیهان: داوای لە سەرۆک بارزانی کرد ناوچە مەسیحییەکان ئازاد بکرێن
ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی 6ـی 2016، لە سەلاحەدین، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مار ئێگناتیۆس ئەفرامی دووەم كەریم پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا پاتریاكی ئەنتاكیە و سریانەكانی ڕۆژهەڵات و هەموو جیهان سوپاسی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ پاراستنی مەسیحییەكان و پێزانینی بۆ لێدوانی سەرۆك بارزانی هەبوو لەوەی كە نابێ مەسیحییەكان وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن. هەروەها لە گوتەیەكدا جەختی لە ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە ناوچە و كوردستان و ڕاشیگەیاند كە خوازیاری ئاییندەیەكی گەش و گەرەنتیبوونی ماف و ئاسوودەیی مەسیحییەكانن و بە هیچ شێوەیەكیش هانی كۆچ و جێهێشتنی وڵات نادەن. داوایشی لە سەرۆك بارزانی كرد ناوچەی مەسیحییەكان لەژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد بكرێت و هیوای خێر و خۆشی و ئاشتی بۆ گەلی كوردستان خواست.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە وتەیەكدا باسی سەرەتاكانی دەركەوتنی تیرۆریستانی داعش و هەڕەشەی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە و كۆی مرۆڤایەتی كرد و ڕایگەیاند تیرۆریستان تەنیا دژی یەك پێكهاتە نین بەڵكو دژی هەموو ئایین و بەهایەكی مرۆڤین. ئەوەیشی خستەڕوو كە كورد و مەسیحی و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان چارەنووسێكی هاوبەشیان و دەبێ پێكەوە بمێننەوە و كەس بیر لە جێهێشتنی زێدی بابوباپیرانی نەكاتەوە.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لە ئازادكردنی هەموو ناوچەكان و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی مووسڵ كردەوە و ئاماژەیشی بەوەدا كە پێویستە بەر لە ئازادكردنی مووسڵ ماف و ئەركی هەموو لایەك دیاری بكرێت و بۆ قۆناغی دوای داعش ڕێككەوتن لەسەر ڕێوشوێنێكی وا بكرێت كە ژیان و ئاییندەی هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا گەرەنتی بكرێت.
هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە یارمەتیی ئاوارە و مەسیحییەكانیان داوە و كاریان بۆ قووڵتركردنی پێكەوەژیان كردووە.
KDP
