پارتی و گۆڕان شەڕی خۆیان دەبەنە دادگا

پارتی و گۆڕان شەڕی خۆیان دەبەنە دادگا
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو حیزب رەتیدەکەنەوە کە وەک حیزب لە دادگا سکاڵایان تۆمارکردبێت، بەڵام ئێستا شەڕی هەردوولا لە دادگا چووەتە نێوفایلەوە.

ئەندامێکی داواکاری گشتی لەسلێمانی دەڵێت لەلایەن داواکاری گشتییەوە لەسلێمانی دژی پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان سكاڵا لەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بخاتەڕوو.

ئەو بابەتە لە کاتێکدایە کە داواکاری گشتیی هەولێریش دژی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان داوایەکی تۆمارکردبوو، ئەوەش بە پشتبەستن بەو تۆمارە دەنگییانەی کە لەلایەن پارتییەوە بڵاوکراونەتەوە و تێیدا باس لەوەدەکرێت کە نەوشیروان مستەفا هەڕەشەی کوشتنی لە کونسوڵی وڵاتان کردووە.

رووداو ویستی لە داواکاری گشتی هەولێر زانیاری زیاتری دەست بکەوێت بەڵام رەتیانکردووە زانیاری بخەنەڕوو، چونکە "بابەتەکە یاساییە و پەیوەندی بە دادگاوە هەیە"، بەڵام ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت "ئەو داوایە هیچ پەیوەندی بە پارتییەوە نییە و داواکاری گشتیی تۆماریکردووە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەشڵێت "دەنگەکان زۆر ڕوونن کە هەڕەشە لە کونسوڵگەری و کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێت و ئەمەش ئاسایشی نیشتیمانی دەخاتە مەترسییەوە".

بەهەمان شێوەی پارتی بەهار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت "گۆڕان داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمار نەکردووە بەڵکو داواکاری گشتی سلێمانی خۆی بەم کارە هەستاوە و دەکرێت ئەوان خۆیان لەسەر ئەوە قسەبکەن.

پەپێی زانیارییەکانی رووداو سەرەتا گۆڕان بەنیازبووە داوا لەسەر پارتی تۆماربکات بەڵام پارتی کە بەوەی زانیووە لە وەڵامدا دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ تۆمارکردنی داوا لەسەر رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان.

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "نەوشیروان موستەفا نەیگووتەوە ناچێتە بەردەم دادگا و بریکاری یاسایی خۆی چووەتە بەردەم دادگا لە هەولێر".




رووداو
Top