چەند لقێكی پارتی تێكەڵ دەكرێن و بارەگای رێكخراو نامێنێ
رۆژی 5/5/2016 ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی كۆبووەوە، بە گوتەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لەو كۆبوونەوەیەدا مەسەلەی گۆڕینی چەند بەرپرسێكی پارتی قسەی لەسەر كراوە، بەڵام دواتر ئەندامانی سەركردایەتی بۆچوونیان وابووە كە پارتی پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانكارییە، نەك تەنیا گۆڕینی دەموچاو.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە گۆڕانكاری لە حەوت بواردا بكرێ و بۆ ئەم مەبەستەش حەوت لێژنە پێكهێنراوە، هەر لێژنەیەكیش ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی سەرپەرشتی دەكات.
مەسرور بارزانی، سەرپەرشتی لێژنەی رێكخستن دەكات. فازڵ میرانی، لێژنەی وەبەرهێنان. د.رۆژ نووری شاوێس، لێژنەی هەڵبژاردن. وشیار زێیاری، لێژنەی پەیوەندییەكان. ئازاد بەرواری، لێژنەی دارایی. مەحموود محەممەد، لێژنەی راگەیاندن و رێبوار یەڵدا، لێژنەی رێكخراوە جەماوەرییەكان.
ئەڤین هرۆری، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند لێژنەی رێكخستن راپۆرتی خۆیان نووسیوە و راپۆرتەكەش گەیشتووەتە دەست بارزانی.
هرۆری ئامادە نەبوو ئەو پێشنیازانە ئاشكرا بكات كە لە نێو راپۆرتەكەی لێژنەی رێكخستن هاتوون، تەنیا گوتی "بۆچوونێك هەیە بۆ گونجاندنی سنووری حیزبی لقەكان، لەگەڵ سنوری ئیداری پارێزگاكان".
هەروەها مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەبارەی گۆڕانكارییەكانی نێو ئۆڕگانەكانی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند "گۆڕانكارییەكان و هەموو كارەكانی دیكە بۆ دوای پێشنیازەكانی لێژنەكان دەمینێ".
بەڵام (رووداو) زانیویەتی چەند لقێكی پارتی تێكەڵدەكرێن لەوانەش لە بادینان لقی شێخان نامێنێ و دەچێتە پاڵ لقی ئاكرێ، لە سنووری پارێزگای هەولێر لقی دوو و لقی 16 تێكەڵ دەكرێن، لە سلێمانیش لقی چوار و لقی 21ی دەوروبەری سلێمانی دەكرێنە یەك لق.
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، زانیاری تازەی لەبارەی گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی پارتی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی "یەكێك لە پێشنیازەكانی رێكخستن (ئەگەر پەسەند بكرێ) ئەوەیە بارەگای رێكخراوەكان نامێنن، تەنیا رێكخراوێك زۆر زەروربێ دەهێڵدرێتەوە".
(رووداو) زانیویەتی لە پێشنیازەكانی لێژنەی رێكخستن باس لە گەڕاندنەوەی كادیرە دێرینەكان كراوە، بە تایبەتی ئەوانەی بە پلەی كارگێڕی لق خانەنشین كراون، هەندێكی دیكەیان لە هەڵبژاردنەكان دەرنەچوون لە ماڵەوە دانیشتوون. هەروەها پەرلەمانتارە خانەنشینكراوەكان، بۆ ئەوەی كۆنتاكتی زۆرتر لە نێوان كادیرانی پارتی دروست ببێ.
سەبارەت بە كاری لێژنەكان. مەحموود محەممەد ئەندامی مەكتەب سیاسی پارتی گوتی "كاری زۆربەی لێژنەكان بەرەو تەواوبوونە، كاری لێژنەكان وەكو یەك نین و جیاوازن بۆیە هەموویان لەیەك كاتدا تەواو نابن، پێشبینی دەكەم تاوەكو هەفتەیەكی دیكە سەرجەك لێژنەكان كارەكانیان تەواو بكەن".
پۆستی بەرپرسی رێكخستن بەتاڵە
لەوەتەی د.جەعفەر ئیبراهیم، بەرپرسی پێشووی رێكخستنی پارتی، بووەتە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە. پارتی بە نیازبوو پۆستی بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی بە ئەندامێكی دیكەی مەكتەب سیاسی بسپێردرێت، بەڵام ئەو پرسەش بۆ دوای تەواوبوونی راپۆرتی لێژنەكان دواخراوە. هەر بەپێی زانیارییەكان هەر یەك لە عیزەددین بەرواری و كەمال كەركووكی كاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەپێی زانیارییەكان هەردوای تەواوبوونی راپۆرتی لێژنەكان بەرپرسێك بۆ مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی و گوتەبێژی حیزب دیاری دەكرێن و گۆڕانكاری لەبەرپرسی چەند لقێكیش دەكرێ.
هەرچەندە پێشتر وا بڵاوكرایەوە كە مەحموود محەممەد، كراوەتە گوتەبێژی پارتی، بەڵام ناوبراو گوتی "بەشێوەی زارەكی پێمڕاگەیەنراوە كە گوتەبێژی حیزبم، بەڵام بە نووسراو نەبووە".
پارەی مەكتەبەكان رێكدەخرێ
لەنێو پارتیدا چەند مەكتەبێك هەن، وەكو مەكتەبی نێچیرڤان بارزانی، مەكتەب سەرۆك، مەكتەبی مەسرور بارزانی هەن، زۆرجار لەرێگەی ئەو مەكتەبانە هاوكاری ئەندامانی پارتی و خەڵكی دیكەش دەكرێ، بە تایبەتی بۆ مەبەستی چارەسەری و سەفەر.
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی كە بەشداری لە دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەی كردووە گوتی لە كۆبوونەوەكە باسی گلەیی كادیران كراو داوا كرا ئەو بێسەروبەرییەی لە پێدانی هاوكاری دارایی بە كادیران هەیە، نەمێنێ.
مەحموود محەممەد لەو بارەیەوە گوتی "لێژنەكەی دارایی و وەبەرهێنان دیارە پێشنیازی سیستەمێك بۆ ئەو بوارەش دەكات".
رووداو
