لەبارەی رەمەزان فەتوایەك بۆ خوێندكاران دەدرێت
بەو پێیەی بەشێکی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی خوێندن دەکەونە نێو مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەتایبەت تاقیكردنەوەكانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان و خوێندكارانی 12 ی ئامادەیی، لیژنەی باڵای فەتوای کوردستان روونکردنەوەی پێویست دەدات و خوێندكاران لە دڵەڕاوكێ رزگاردەكات.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت "هەرکاتێك قوتابیان پێویستییان بە خوێندن و پێداچوونەوە و تاقیکردنەوە هەبێت، ئەمانەش لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا بوون، بەرۆژووبوونیش وای لە قوتابیان دەکرد لە خۆئامادەکردن بۆ خوێندن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە سست ببن، لەم حاڵەتەدا بۆیان دروستە ئەو چەند رۆژە بەڕۆژوو نەبن و خۆیان بۆ تاقیکردنەوە ئامادە بکەن، دواتریش کە عوزرەکەیان تەواو دەبێت، واجبە رۆژووەکانیان قەزا بکەنەوە".
لە فەتواکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "مەرجی سەرەکی ئەم رێگەپێدانە لەوەدایە قوتابییەکان لەو زیانپێگەیشتنه دڵنیابن، بەوەی لە وانەکان دەکەون یان زیانیان پێدەگات، چونکە رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێکی موکەلەف (عاقل و بالغ) بێت و تەندروست و نیشتەجێ بێت، هەموو واجبە شەرعییەکانیش بە تواناوە بەستراونەتەوە، جا ئەگەر ئەو کەسە نەیتوانی بەرۆژوو بێت یان زیانێکی توانابەدەری پێدەگەیشت، لەڕووی شەرعەوە بۆی دروستە رۆژووەکەی بشکێنێت، چونکە خوای گەورە دەفەرمووێت: (ڵا یُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)".
رووداو
