وەزیری پەروەردە بەدواداچوون بۆ دەنگۆی دزینی پرسیارەكان دەكات
شۆڕش غەفووری لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "دوای تەقینەوەی دەنگۆكانی دزینی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەیەكی 12ی ئامادەیی، لەچەند رۆژی داهاتوودا د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە روونكردنەوەی پێویست لەسەر پرسەكە دەداتە كەناڵەكانی راگەیاندن".
غەفووری گوتیشی "ئەوەی دەگوترێ لەبارەی دزینی پرسیارەكانەوە تاوەكو ئێستا هەر دەنگۆیە و هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو نییە، سەرباری ئەوەش ئێستا خودی وەزیری پەروەردە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە دەكات، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر پرسەكە، لەچەند رۆژی داهاتوودا روونكردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە دەدات".
ناوبراو باسی لەوەش كرد ئەوەی ئەوان هەستی پێدەكەن، دەستێك لەپشت لەكەداركردنی كارەكانی وەزارەتی پەروەردەیە و گوتیشی "تاوەكو ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە دەستێكی سیاسی یاخود شتێكی دیكەیە، بەڵام بە ئاشكرا هەست بەوە دەكەین دەستێك هەیە بۆ لەكەداركردنی كارەكانی وەزارەتی پەروەردە".
دوای دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە رۆژی 2-6-2016 ، دەنگۆی دزینی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەیەك بڵاوبووەوە، وەزارەتی پەروەردەش ئەوە تەنیا بە دەنگۆ دەزانێ و رەتیدەكاتەوە هیچ پرسیارێك دزرابێت.
رووداو
