ڕوونكردنەوەیەك لە ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
دەقی روونکردنەوەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:
د. محەمەد ساڵح جومعه لە دیمانەیەكدا كە ماڵپەڕی ڕۆژئاوانیوز و چەندین سایتی دیكە بڵاویان كردووەتەوە، بە سیفەتی ڕاوێژكاری سیاسیی سەرۆك بارزانی هەندێ بۆچوونی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندیی حزبە كوردستانییەكان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی خستووەتەڕوو.
لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە د. محەمەد ساڵح جومعە هیچ سیفەتێكی ڕەسمی و سیاسی نزیك لە سەرۆك بارزانی نییە و لێدوان و بۆچوونەكانی بە هیچ شێوەیەك تەعبیر لە سیاسەتی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ناكەن و، ئەوەی لەو چاوپێكەوتنەدا باسی كردووە ڕای شەخسی خۆیەتی.
سیاسەتی پارتی لەبارەی وڵاتانی هەرێمایەتی ڕوونە و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و كاركردن بۆ سەقامگیری و ئاشتی دامەزراوە. لەگەڵ حزبە كوردستانییەكانیش بڕوای بە یەكڕیزی و خەباتی هاوبەش لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان هەیە و پێزانینی بۆ خەبات و قوربانیدانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
5ـی 6ـی 2016
