"له‌ دوو گونددا 2500 بۆمب چێندراون.. 5 هاووڵاتیی كاكەیی شەهید بوون"

بە هۆی بۆمبی چێندراوەوە، تا ئێستا پێنج هاووڵاتیی كاكەیی شەهید بوونە و، فەرماندەی چەكدارە خۆبەخشەكانی كاكەییەكانیش دووپاتی كردەوە، تەنیا لە دوو گوندی كاكەییدا 2500 بۆمب چێندراون.

(حەبیب كاكەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئۆپەڕاسیۆنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئازادكردنەوەی گوندەكانی كاكەییەكانی سنووری دەوروبەری مووسڵ، تیرۆریستانی داعش جگە لەوەی زۆربەی خانووی هاووڵاتیانی خاپوور كردووە، ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراویشی لەناو گوندە كاكەییەكاندا بەجێ هێشتووە، تەنیا لەگوندی تۆلەبەند و كۆلەبۆر ئەگەر بە نموونە وەریبگرین، 2500 بۆمب چێندراون".

(حەبیب) دەشڵێ: "بە هۆی گەڕانەوەی ژمارەیەك هاووڵاتیی كاكەیی لە دوای ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی گوندەكانیان، تا ئێستا پێنج هاووڵاتیی كاكەیی شەهید بوونە و چواری دیكەیش بریندار بوون، تا بە یەكجاری بۆمب و مینە چێندراوەكانیش هەڵنەگیرێن، گوندنشینانی كاكەیی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".








KDP
Top