لە خورماتوو کوشتن و ڕفاندن بەردەوامە

 لە خورماتوو کوشتن و ڕفاندن بەردەوامە
ئەمڕۆ لەخورماتوو، دوو بۆمب تەقییەوە و بە ھۆیەوە ھاووڵاتییەک گیانی لەدەست دا و، حەفتەی ڕابردووش ھەشت ھاووڵاتی ڕفێندراون، کە ھەندێک لەوانە کوژراون و تەرمەکەیشیان فڕێ دراون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی قایمقامی قەزای خورماتوو (محەمەد فایق) ڕاگەیاند: "ئەم ئێوارەیە لەسەر ڕێگای حەولی قەزای دوزخورماتوو دوو بۆمبی چێندراو تەقییەوە، لەئاکامدا ھاووڵاتییەک بە ناوی (حازم حەرجان) گیانی لەدەست داوە، کە لەو ناوچەیەدا دووکانی ھەبووە."

(محەمەد فایق) گوتیشی، دوای ئەو ڕێککەوتنەیش کوشتن و ڕفاندن هەر بەردەوامە؛ هەر لەو حەفتەیەدا ھەشت ھاووڵاتی ڕفێندراون، کە تەرمی هەندێکیان دۆزاراوەتەوە.

ڕوونیشی کردووە، دوێشەویش چەکدارێکی حزبوڵا ویستوویەتی بە ماتۆڕ بۆمب و تەقەمەنی بگوازێتەوە، بە خۆیدا تەقیوەتەوە و گیانی دەرچووە.

(فایق) ڕاشیگەیاند، ئێستا ناحیەی ئامرلی بە تەواوەتی لەژێر دەستی ھێزی حەشدی‌شەعبیدایە، لە کاتێکدا سەر بە ئیدارەی قەزای خورماتووە.
Top