سەرۆكوەزیرانی پێشووی فەڕەنسا: هەوڵەكانمان بۆ یارمەتیدانی زیاتری گەلی كوردستان و پێشمهرگه دهخهینه گهڕ
ئهمڕۆ شەممە 4ـی 6ـی 2016، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (فەڕەنسیس فیلۆن) سەرۆكوەزیرانی پێشوو و ئەندامی پارلەمانی ئێستای فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە چەند سێناتۆر و پارلەمانتاری پارتی كۆماریی فەڕەنسا و كۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە شاری هەولێر.
لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی پێشووی فەڕەنسا ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان؛ پێزانینیشی بۆ خەڵكی كوردستان هەبوو كە بوونەتە پەناگای خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو.
هەروەها وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد، ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە هاتوونە كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكەن و، ئەوەیشی باس كرد كە دەیانەوێ هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی زیاتری گەلی كوردستان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە لە كاتی تەنگانەدا پشتیوان و یارمەتیدەری گەلی كوردستان بوونە و، لە وتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی و سەرەتاكانی هاتنی داعش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە داعش تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر پێكهاتەیەكی دیاریكراو، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی و ژیان و ڕووبەڕووبوونەوەیشی هەوڵێكی جیددی و هەمەلایەنەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە لە بوارەكانی سەربازی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی و كۆمەڵایەتیدا.
لەبارەی مەسیحییەكانی كوردستانیش، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی خستە ڕوو كە چارەنووسی هەموومان لەم وڵاتە پێكەوە بەستراوە. بە خوشك و برا مەسیحییەكانم ڕاگەیاندووە كە بیر لە جێهێشتنی وڵات نەكەنەوە یان هەموومان بەیەكەوە دەمرین یان بەیەكەوە بە ئازادی و سەربەستی دەژییێن. ئەوەیشی دووپات كردەوە كە لەنێو خەڵكی كوردستان هیچ جۆرە حەساسییەتێكی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی بوونی نییە و پێكەوەژیان شێوەی فەرهەنگێكی مێژوویی وەرگرتووە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ شاندی میوان باس كرد، كە دەبێ بیر لە قۆناغی دوای داعش بكرێتەوە و ڕێككەوتنێكی وا بكرێت كە ژیانی پێكهاتەكان و ئاسوودەییان گەرەنتی بكرێت، كە چیتر تووشی كارەسات نەبنەوە.
KDP
(سەرۆك بارزانی) داوایشی لە شاندی میوان كرد كە بەردەوام بن لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و پشتیوانیكردنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
