سوپای سووریا بەرەو پایتەختی داعش پێشڕەوی دەکات

سوپای سووریا بەرەو پایتەختی داعش پێشڕەوی دەکات
سوپای رژێمی سوریا بەرەو پایتەختی رێکخراوی توندڕەوی داعش پێشڕەوی دەکات و لە سنووری ئیداریی پارێزگاکە نزیک دەبێتەوە.



رووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 2ـی حوزەیرانی 2016 سوپای رژێمی سووریا، بە پاڵپشتیی میلیشیا شیعەکانی لوبنان، عێراق و ئێران و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، هێرشی کردووەتە سەر شاری رەققە، کە داعش وەک پایتەختی خەلافەتەکەی ناساندوویەتی.



رووانگەی سووری هەروەها رایگەیاندووە، کە رۆژی شەممە 4ـی حوزەیران، سوپای سووریا و میلیشیاکان گەیشتوونەتە سەر سنووری ئیداریی پارێزگای رەققە، کە شاری رەققە سەنتەرەکەیەتی.



هێزە سوورییەکان پلانیان داناوە بگەنە سەر دەریاچەی فورات و رێگای خێرای نێوان رەققە و حەلەب و تاوەکو ئێستاش بەهۆی رووبەڕووبوونەوەکانەوە، 26 چەکداری داعش و نۆ سەربازی رژێمی سووریا کوژراون.



دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق و داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە لە مانگی حوزەیرانی 2014، داعش شاری رەققەی وەک پایتەختی خەلافەتەکی ناساند.
Top