ئەمریكا سەركەوتنی پێشمەرگەی لە باشووری موسڵ راگەیاند

ئەمریكا سەركەوتنی پێشمەرگەی لە باشووری موسڵ راگەیاند
فەرماندەیی هێزەكانی ناوەندی ئەمریكا رایدەگەیێنێ، هێزەكانی پێشمەرگە 85 كیلۆمەتر دووجایان لە باشووری شاری موسڵ بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان كۆنترۆڵ كردووەتەوە.

پاتریک رایدەر، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا رۆژی هەینی 3-6-2016، باسی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و شكستی چەكدارانی داعشی كرد و رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هاوپەیمانان 85 کیلۆمەتریان لە باشووری موسڵ کۆنترۆڵکردووەتەوە.

پاتریک رایدەر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر روونكردنەوەی زۆرتری داوە و ئاماژەی بەوە داوە، بەو ئۆپەراسیۆنە پێشمەرگە زیاتر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشی بەرتەسک کردەوە، شەڕی نێوان داعش و پێشمەرگەشی لە سنووری موسڵ بە شەڕێکی سەخت پێناسە كردووە.

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا ئاماژەی بە شكستی داعش لە رۆژئاوای كوردستان و سووریاش داوە و رایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە هێزەکانی سووریای دیموکرات زیاتر لە 100 کلیۆمەتریان لە سنووری منبج کۆنترۆڵ کردووەتەوە.

وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ لەنێوبردنی داعش جگە لە هێرشە ئاسمانییەكان، پاتریک رایگەیاندووە. زیاتر لە 23 هەزار عێراقی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە راهێنانیان پێکراوە.






روداو
Top