سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە یادی مۆركردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكات
لەو مەراسیمەدا كە لە لایەن كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر لە هۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر ساز درا بوو، ژمارەیەكی زۆری بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها نوێنەری وڵاتانی بیانی و ڕاگەیاندنەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە بوون.
لە سەرەتای مەراسیمەكەدا (ماتیوس میتمان) كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر وتەی بەخێرهێنانی پێشكەش كرد و سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد كە لەو مەراسیمەدا ئامادە بووە. دواتر (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق لە وتەیەكدا باسی مێژووی ئەمەریكا و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و قۆناغ و هۆكارەكانی پێشكەوتنی ئەمەریكا كرد و ئاماژەیشی بە هاوبەشی و هاوپەیمانێتی وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان دا و پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان.
هەر لەو مەراسیمەدا وتەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن (فەلاح مستەفا) سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم خوێندرایەوە.
