تەرمی دوو منداڵی کوردی ئێزدی لە یۆنانەوە دەگەڕێندرێنەوە شنگال

 تەرمی دوو منداڵی کوردی ئێزدی لە یۆنانەوە دەگەڕێندرێنەوە شنگال
دوای خنکانیان لە دەریای ئیجەدا و دۆزینەوەی تەرمی دوو منداڵی کوردی ئێزدی، لە سەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە باشووری کوردستان و لە گۆڕستانی شەرفەدەین دەنێژرێن.

خەیری بوزانی بەڕێوەبەری گشتی کارۆباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف راگەیاند: "چەند رۆژ پێش ئێستا لە رێگای روێشتن بو ئەورۆپا چەند خێزانێکی کوردی ئێزدی لە دەریای ئیجەدا خنکان، هەندێکیان رزگاربوون، بەڵام دو منداڵ تەرمەکەیان لە ناو دەریادا مابوون، دوای دۆزینەوەیان ، بڕیارە بگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان".

بۆزانی گوتیشی: "تەرمی ئەو دوو منداڵە لە سەر ئەرکی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوەو، ئێستا خەریکی تەواوکردنی کارەکانیانین".

یەکێک لە منداڵەکان ناوی خەیرۆ خەلەف خدێدا-یە کە تەمەنی 16 ساڵە و خەڵکی ناحیەی گڕعزێرە، ئەوەی دیکەشیان ناوی ئەیاد سەعدۆ-یە کە خەڵکی سنوونێ یە، بڕیارە دوای گەڕانەوەی تەرمەکانیان لە گوڕستانی تایبەتی شەرفەدین بنێژرێن.
Top