یەكگرتوو سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنەكانی هەڵبژارد
ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دوای كۆنگرەی حەوتی حزبەكەی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجامدا.
سۆران ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو راگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی كاروباری سیاسی و ئەنجومەنی بانگەوازو ئەنجومەنی كاروباری ناوخۆ هەڵبژێردران.
وتیشی "هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جێبەجێكردن هەڵبژێردران كە شوێنی مەكتەبی سیاسی پێشوو دەگرێتەوەو ئەمینداری یەكگرتوو سەرپەرشتی كوبوونەوەكانی دەكات".
بەوتەی سۆران ئەحمەد، لەكۆبونەوەكەدا سەعید عەلی عەبۆ بەسەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە، بۆ بەرپرسی ئەنجومەنی كاروباری سیاسیش تەنها هادی عەلی خۆی كاندیدكردبوو بەسەرۆكی ئەو ئەنجومەنە دیاریكراوە.
كاری ئەنجومەنی كاروباری سیاسی راپەڕاندنی كاروباری حزبی و حكومی تایبەت بەیەكگرتووە.
هەر لەكۆبونەوەكەدا غازی سەعید بە بەرپرسی ئەنجومەنی بانگەواز هەڵبژێردرا كە كاروبارەكانی بانگەوازی تایبەت بەیەكگرتوو بەڕێوەدەبات.
سۆران ئەحمەد رایگەیاند، بۆ پۆستی بەرپرسی ئەنجومەنی كاروباری ناوخۆ كە شوێنی مەكتەبی رێكخستنی پێشوو دەگرێتەوە مستەفا عەبدوڵا تەنها كاندید بووەو هەڵبژێردراوە.
ئەندامانی هەر سێ ئەنجومەنەكە لە حەوت تا نۆ ئەندام پێكدێن و دوو كەس وەك كارگێڕ دیاریدەكرێن.
هەر لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جێبەجێكردن هەڵبژێردران كە شوێنی مەكتەبی سیاسی پێشوو دەگرێتەوە.
بەوتەی سۆران ئەحمەد، لەكۆبونەوەكەدا حەوت كەس خۆیان كاندیدكردبوو بۆ ئەندام بوون لەو ئەنجومەنەو و چوار كەسیان بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردراون كە پێكهاتوون لە فەرهاد مەلا ساڵح، سەمیر سەلیم، ناسك تۆفیق، خەلیل ئیبراهیم.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرۆكی هەر سێ ئەنجومەنەكەش دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵای جێبەجێكردن بەو پێیەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكە دەبێتە حەوت ئەندام.
هەر لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا حەسەن شەمێرانی بە سەرۆكی دەستەی باڵای بەدواداچوون هەڵبژێردرا، كەژاڵ هادیش وەك رازگر دیاریكرا كە ئەركی دەستەكە چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی ناو حزب و پرسی دادوەریكردنە.
لەگەڵ ئەوەشدا د.محەمەد ئەحمەد وەك نوێنەری یەكگرتوو لە سلێمانی دیاریكرا كە ئەركی هەماهەنگییە لەنێوان سلێمانی و ئەنجومەنی جێبەجێكردندا.
