نوێنەرى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە کارەکەى دوورخرایەوە
لە راگەیێندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە چوار چێوەى ئەو دەسەڵاتەى کە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران بە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى داوە، رۆژى 31-5-2016 بە نووسراوى ژمارە 776 و بە واژۆی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان، (دارا بەکر ساڵح) لە پۆستى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا لادرا.
عەبدولخالق محەممەد، لە راگەیاندنى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، کە ئەمە هەنگاوێکى ئیدارییە و سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ئەو دەسەڵاتەى بە بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت داوە.
عەبدولخالق محەممەد گوتی: "تاوەکو دەستبەکاربوونى نوێنەرێکى تازە لە فەڕەنسا ، (عەلى حەسەن عارەب) جێگرى نوێنەرى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ، لەژێر چاودێرى و فەرمانى راستەوخۆى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە کاروبارەکانى نوینەرایەتى بەڕێوە دەبات".
سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانى ژمارە 2406 لە رۆژى 30-3-2016 بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنى دارا بەکر ساڵح، وەک نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا.
دارا بەکر، لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، هەڵسوڕاوی ئەو حیزبەشە لە وڵاتی فەرەنسا.
لەدوای رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی بنکە فراوان، کۆمەڵێک لە پۆستە حکومییەکان درایە بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان رێگە بە سەرۆکی پەرلەمان نەدرا بێتەوە هەولێر و وەزیرەکانی گۆڕانیش دوورخرانەوە.
روداو
