نێچیرڤان بارزانی: هەموو دەرچووانی زانکۆ لە کەرتی گشتی وەرناگیرێن

نێچیرڤان بارزانی: هەموو دەرچووانی زانکۆ لە کەرتی گشتی وەرناگیرێن
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی گشتیی و حکوومی وەرناگیرێن



رۆژی پێنجشەممە 2ـی حوزەیرانی 2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا، کە بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە و نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە قوتابخانەیەکی شاری هەولێر پێشکەشی کرد، هیوای خواست قوتابییان لە تاقیکردنەوەکانیان سەرکەوتوو بن و ئەو رۆژەشی بە رۆژێکی مێژوویی و زۆر گرنگ بۆ قوتابییان ناوزەد کرد.



نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا سوپاسی مامۆستایانی کوردستانی کرد، کە لە سەرەتای ساڵانی 90 و لە دوای ساڵی 2013ش، سەرەڕای قەیرانی دارایی و خراپیی باری ئابووریی، نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن بووەستێت و بەردەوامییان پێداوە.



سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیشی دا، کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و دڵنیایی خۆیشی لە ”تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە“ نیسان دا.



نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، کە حکوومەت و کەرتی گشتی ناتوانێ هەموو دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێنن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی، پێویستە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بیر لە بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت بکەنەوە.



بارزانی لە وتارەکەیدا باسی لەوەش کرد، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پرەنسیپی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە رێگای گفتوگ و لێکتێگەیشتن و رایگەیاند، ”ھیچ ھەلێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لەدەست نادەین“ و رەتیشی کردەوە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، ئەوان ”خۆیان سەرقاڵی بارودۆخی خۆیانن“.



سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ئێران کرد و رایگەیاند، ”داوەتنامەیەک ھەیە، وەکو مەبدەئ داوەتنامەکە لەلایەن بارزانییەوە قەبوڵ کراوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ وادەیەک بۆ سەردانەکە دیاری نەکراوە“.







باسنیوز
Top