ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆڵێکی تاقیکردنەوەکانی بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ  تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و سەرۆکوەزیرانی  هەرێمی کوردستان هۆڵێکی تاقیکردنەوەکانی بەسەر کردەوە
بەیانی ئەمڕۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستیپێکرد و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆڵێکی تاقیکردنەوەکانی بەسەر کردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردە 263 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵن، هاوکات 106 هەزار و 29 مامۆستا چاودێریی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن. 2146 هۆڵیش بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر یەکێک لە هۆڵەکانی خوێندنی لە قوتابخانەی هیممەت بەسەرکردەوە.

هاوکات بڕیاریشە رۆژی 8یی ئەو مانگە تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی دەستپێبکات، لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 9 ، 146 هەزار و 426 قوتابی بەشدارن.

لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا سەبارەت بە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "لەڕاستیدا دەبێت بیرێکی جددی لەوە بکرێتەوە و دەبێت ئەو فەرهەنگە بە تەواوەتی گۆڕانی بەسەردابێت".

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت "کەرتی گشتی حکومەت ناتوانێت هەر کەسێک لە زانکۆ دەرچوو، حکومەت دایبمەزرێنێت، ئەو زەمانە بەسەرچوو".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت "رێکاری دیکە بدۆزرێتەوە، دەبێت کەرتی تایبەت بەجیددی بێتە ناو مەیدانەوە، دەبێت خۆ فێرکردن و خۆپێگەیاندن لەم وڵاتەدا، نەک بڕوانامە وەرگرتن، بەڵکو دەبێت گرنگی بە خۆ فێرکردن بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانن کار پەیدا بکەن و لەدەرەوەی حکومەت کاری دیکە بکەن".

دەقی گوتەكانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دەستپێكردنی تاقیكردنەوە:

کاتێک پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە داوەتی کردم باسی ئەوەیکرد، کە تاقیکردنەوەکان دەستیپێکردووە، بەڕاستی خۆشحاڵبوون بێم بۆ ئێرە.

هاتنیشم بۆ زیاتر بۆ دوو مەبەستە، مەبەستی یەکەم، دەمەوێت لێرەوە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان بکەم، کە ئەمڕۆ بە تەئکید بۆ ئەوان رۆژێکی مێژووی و رۆژێکی زۆر زۆر گرنگە.

ئەمڕۆ کە لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەش بینیم، دیارە زۆربەیان قەلەقی زۆریان هەیە، سترێسێکی زۆریان هەبوو، لە دانیشتنەکانیان دیاربوو، بەو هیوایەم بە سەرکەوتووتیی تاقیکردنەوەکان تەواو بکەن، پیرۆزبایی و دەستخۆشیان لێدەکەم.

سوپاسی ماڵ و خانەوادەی هەموو ئەو خوێندکار و قوتابیانە دەکەم کە پێیانەوە ماندوو بوونە، خانەوادەکانیان و بە دڵنیاییەوە بە نسبەت ئێمەش لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە ئەمانە نەوەی ئاییندەن، ئەو نەوەیەیە کە لە ئاییندەدا ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات.
خۆپێگەیاندن بە زانست و فێربوون بە دڵنیاییەوە بەردی بناخەی هەر وڵاتێکە، ئەگەر بیەوێت دروست ببێت و پێش بکەوێت.

لێرەدا لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان هەر لە زاخۆوە تا خانەقین دەکەم، تەمەننا دەکەم سەرکەوتووبن، هیوادارم کارەکانیان بەشێوەیەک بێت کە لە ئاییندەدا ئەوان دەرک بە ئەرکی سەرشانی خۆیان بکەن و هەوڵبدەن لە پێناو ئاوەدانکردنی و پێشکەوتنی کوردستان بەردەوام لە کارو خەباتدابن.

پەیامی دووەمم، کە بەڕاستی زیاتر پێم خۆشبوو دیسانەوە لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە، نازانم بە چ زمانێک سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو مامۆستایانی خۆشەویست بکەم لە کوردستاندا، ئەو خۆشەویستانە چ لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دۆخەکە لەرووی ئابوورییەوە زۆر خراپ بوو، نەیانهێشت خوێندن لە هەرێمی کوردستان بووەستێت، چ ئەمجارەیان لە قەیرانی دارایی، کە تووشی هەرێمی کوردستان بووە، بە تەئکید بەدەر بووە لەو هێزەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، قەیرانێکە کە هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە، قەیرانێکە کە عێراقی گرتووەتەوە، بەدەر بووە لە ئیمکاناتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەرای هەموو ئەو ئەزیەت و زەحمەتیەی لە ژیانی رۆژانەی ئەواندا هەیە، نەیانهێشت ئەم پرۆسەیە بووەستێت و بەردەوام بوون.

من پڕ بەدڵ وشەیەک نییە گوزارشتی لێبکەم لە رێز و خۆشەویستی خۆم بۆ ئەو بەڕێزانە، لێرەوە سوپاسیان دەکەم، دڵنیایان دەکەمەوە، ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام شەوو رۆژ بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی ئێمە هەوڵێکی جیددی بدەین، ئەم قەیرانە ئابوورییە تێپەڕێت و دڵنیاشم لەوەی خۆشبینم ئەو قەیرانە ئابوورییە تێپەڕێنین، ئێمە زۆر لەوە زەحمەتتریش لەوە بەسەرمان هاتووە، تێدەپەڕێنین بە یەکگرتوویی و بە دەرکی ئەوەی ئەو قەیرانە لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، من وا تێیگەیشتووم کە ئەو بەڕێزانە ئەو مامۆستا خۆشەویستانە لەوە تێگەیشتوون، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن کێشەی تێبکەوێت، بەردەوامبوون، سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشیان لێدەکەم، تەمەننا دەکەم سەرکەوتووبن مۆفەق بن.



روداو
Top