فازڵ میرانی: پاڵپشتی لە چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا دووپات دەکەینەوە
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازیی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا كرد.
لە دانیشتنەكەدا كە ئازاد بەرواری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ڕمزی شەعبان ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسییشی لەوێ بوون، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهاتنێکی گەرم، تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و ناوچەكە و دوا پێشهات و ڕووداوەكانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی و، ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دا دژی تیرۆریستانی داعش و، ڕۆڵ و كاریگەریی ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا بووەتە هۆی بەرزتربوونەوەی ورەی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆماركردنی سەركەوتنی زیادتر و هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵ و كاریگەری پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لەم شەڕانەدا كە بەقارەمانیەتی و گیانفیدایی شان بە شانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشدار بوون لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
شاندی 'مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ سووریا' سپاسی مەكتەبی سیاسی پارتیمانی كرد بۆ ئەم پێشوازی و پاڵپشتییە بەردەوامە و سپاسی سەرۆك بارزانییشیان كرد بۆ ئەو پاڵپشتیەی لێیانی دەکا؛ گوتیشی پێزانینیان بۆ گرنگی ڕۆڵ و كاریگەری سەرۆك بارزانی هەیە لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و پاڵپشتیكردنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا بۆ چەسپاندنی مافەكانیان لە دەستووری نوێی سووریای پاش ئەم بارودۆخە.
دواتر پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان کرد لە دژی تیرۆریستانی داعش كرد.
هەروەها فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی نالەباری مرۆڤی لە سووریا نیشان داو هیوای خواست كە كۆتایی بە نەهامەتی و ئەم كارەساتانە بێت و گەلی سووریا بتوانێ بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژیێت و چیتر ئازار نەدرێت و، پاڵپشتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ چەسپاندنی مافە نەتەوەیی یەكانی كورد لە دەستووری ئایندەی سووریا دووپات كرد و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاریەك بۆ ئەم چەندە. ولەبارەی میكانیزمی چۆنیەتی پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی گشتی لە ڕۆژئاوا بە پێویستی زانی سەرجەم پێكهاتەكان لە دروستكردنی بڕیارێکی تایبەتی سیاسی و لە كاروبارەكانی ئێستا و ئایندەی وڵاتەكە بەشدار بن.
KDP
