دوور نییە گەشتی دەرەوەی وڵات لە نەوشیروان مستەفا قەدەغە بکرێت

دوور نییە گەشتی دەرەوەی وڵات لە نەوشیروان مستەفا قەدەغە بکرێت
ارێزەرێک ئەوەی ئاشکرا کرد کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، جۆری بڕیاری دادگا لە دژی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕوون بکرێتەوە و ئەگەر پێویست بێت، ئەوا دادوەر دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە بکات.

مازن هادی، پارێزەر و ئەندامی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان،ڕاگەیاند: “ئەگەر بڕیاری دادگا هەبێت، ئەوا نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ناتوانێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکات تا ئەو بابەتە یەکلایی دەبێتەوە”. گوتیشی: “تائێستا نازانین لەو بڕیارەی بۆ نەوشیروان مستەفا دەرچووە، گەشتی لێ قەدەغە کراوە یان نا، بەڵام داوای لێکراوە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئامادە بێت".

پارێزەرەکە ئەوەشی ڕوون کردەوە، داواکاری گشتی دۆسیەکەی بۆ دادگای لێکۆڵینەوە ڕەوانە کردووە، بۆیە: “دەبێت ئەوان بڕیار لەسەر بابەتەکە بدەن".

لە لایەن خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە نێو دەزگای داواکاری گشتی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند: “دادوەری لێکۆڵینەوە ئەگەر زانی دۆسیەکە گەورەیە، نەوەکو کەسەکە ڕابکات، مافی ئەوەی هەیە کە گەشتی دەرەوەی وڵات لە نەوشیروان مستەفا قەدەغە بکات”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دوور نییە ئەو بڕیارە لە دژی نەوشیروان مستەفا بدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1\6\2016، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ئاشکرای کرد: ”بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی لە میدیای پارتی دیموکراتیی کوردستانەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکان، داوای ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا دەکرێت“. ئەوەشی ڕوون کردووە کە چەند ڕۆژێکە فەرمانەکە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە ڕەوانە کراوە.









باسنیوز
Top