"گەلی سووریا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەیە"
ڕۆژی سێشەممە 31ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەنەس عەبدە سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەناوی گەلی سووریا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە یارمەتی پەنابەر و ئاوارەكانی سووریایان داوە و ڕایگەیاند كە گەلی سووریا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەیە لە هاوكێشە سیاسییەكان و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆریستان و پاڵپشتیكردنی گەلی سووریا. دواتر كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دواپێشهاتە مەیدانییەكان و دۆخی ئاگربەس و هەروەها گفتوگۆكانی جێنێڤ و هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز و ناوچەیی لەمەڕ قەیرانی سووریا خستەڕوو و بۆچوونی ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایشی لەبارەی دۆزی ڕەوای كورد لە سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لە ڕۆڵی گرنگ و ستراتیژیی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی قەیرانی سووریا و یارمەتیدانی خەڵكی سووریا كردەوە و ڕایشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان ئەزموون و نموونەیەكی دەوڵەمەندە بۆ بووژانەوە و پێكەوەژیان و خەبات و خۆڕاگری.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە قەیرانی سووریا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی نالەباری مرۆیی لە سووریا نیشان دا و هیوای ئەوەی خواست كە كۆتایی بە نەهامەتی و كارەساتەكان بهێندرێت و گەلی سووریا بتوانێ بە ئاشتی و ئاسوودەیی بژییت و چیتر ئازار نەدرێت. هەروەها هێمایشی بەوەدا كە بوونی ناسەقامگیری و شەڕ و توندڕۆیی لە سووریا كاریگەری دەكاتە سەر هەرێمی كوردستان و عێراق هەر بۆیەش هەرێمی كوردستان بە پەرۆشییەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی سووریا دەكات و ئامادەیشە ڕۆڵی ئیجابی ببینێت لە چارەكردنی كێشەكان و كۆتایهێنان بە ئازار و نەهامەتییەكانی خەڵكی سووریا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ڕۆڵی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا و پەیوەندییەكانی نێوان ئیئتیلافی نیشتیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و هەرێمی كوردستان و ئاییندەی سووریا و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كرا.
KDP
