کورد بۆ دوو بابەت دەگەڕێتەوە بەغدا
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئەمەریکا پێداگری کردووە کە لە ئێستا زۆر پێویستە بۆ کورد خۆی و ھەروەھا پرۆسەی سیاسیی عێراق، فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ بەغدا بگەڕێنەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە ئەمەریکییەکان بە سەرکردایەتیی کوردیان گوتووە ھەڵوێستی گەڕانەوەتان بۆ بەغدا ڕزگارکردنی پرۆسەی سیاسیی عێراقە و ئەوەش وا دەکا کورد بۆ بەدەستھێنانی داواکانی لە عێراقدا بەھێزتر بێت.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، فراکسیۆنە کوردییەکان سەقفی داواکارییەکانیان زۆر بەرز بووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا، بە شێوەیەک بەبێ گەرەنتیکردنی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان و وەرگرتنی بودجەی پێشمەرگە و یەکلاکردنەوەی مەسەلەی ڕیفراندۆم نەگەڕێنەوە و بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا نەکەن، بەڵام ئەمەریکییەکان بەڵێنیان داوە کە فشار بکەنە سەر حکوومەتی عێراق تاوەکو کێشەکانی لەگەڵ کوردستان چارەسەر بکات، فشارەکانیش بە قازانجی داواکانی کوردستان بن.
سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئەمەریکییەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکانی فراکسیۆنە کوردییەکان دوو بەرچاوڕوونییان خستووەتە ڕوو، یەکەمیان، بەبێ گەڕانەوەی کورد پرۆسەی سیاسیی عێراق ھەڵدەپەسێردرێت و بەو شێوەیەش نەک ھیچ داواکاری و مەرجێکی کورد جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو کورد ڕووبەڕووی کێشەی دیکەی نوێ دەبێتەوە.
دووەمیان، ئەمەریکییەکان بە فراکسیۆنە کوردییەکانیان گوتووە وا باشترە ئێستا پێ لەسەر دوو خاڵ دابگیرێت، یەکێکیان پشکی کوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان و دووەمیان گەیشتنە دەرەنجامێک سەبارەت بە ریفراندۆم، کە لەوەشیاندا گەڕانەوە بۆ بەغدا گفتوگۆکان ئاسانتر دەکا نەک دوورکەوتنەوە لێی، لە دۆخێکدا کە دەخوازن بە ئاشتی لەو وڵاتە جیاببنەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەمەریکا بڕیاری داوە کە ئەگەر کورد بگەڕێتەوە بەغدا ئەوا بە شێوەیەکی دیار و بەرچاو پشتیوانی بکات لەو دوو خاڵەدا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەش فشاری لەسەر حکوومەتی عێراقی ھەبێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، عەبادی لە کۆبوونەوەکانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، سەرەتا نکۆڵیی لەوە کردووە کە بەشی کورد لە قەرزە نێودەوڵەتییەکان بدات کە بە ١٥ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام دواتر بۆ قەرزە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان و بودجەی پێشمەرگەش بەڵێنی داوە بەپێی باشبوونی بارودۆخی دارایی عێراق بە رێژەیەک ھاوکاریی دارایی کوردستان بکات.
حاکم تاریق سدیق، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ حەیدەر عەبادی باسیان لە ھەموو پرس و کێشەکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق کردووە، گوتی: "عەبادی لەو کۆبوونەوەیەدا بەڵێنی دا کە بۆ ھەموو کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دانوستان و گفتوگۆ بکات و ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدات".
جەختی لەوەش کردەوە کە جیاوازتر لە جاران، عەبادی لەو کۆبوونەوەیە ئیستیجابەی زۆر و نەرمیی زۆری پێوە دیاربوو.
لای خۆشیەوە حاکم سامان فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا رایگەیاند، حکوومەت و دەسەڵاتی عێراق لە ئێستا وڵاتانی ئیقلیمی و ئەمەریکا ھەڵیدەسووڕێنن، بۆ ئەوەش کاریگەریی ئەمەریکا نەک بەسەر فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەڵکو بەسەر عێراقییەکانیش روون و ئاشکرایە، گوتی: "ئێستاش ئەمەریکا فشاری ئەوەی لەسەر عێراق ھەیە کە خۆی لە دەستی رژێمی عێراق رزگار کردووە، بەشێوەیەک خۆی بە خاوەنی عێراق دەزانێت و کاریگەریی لەم ڕووەوە زۆرە و لەو چوارچێوەیەشدا بێ گومان فشاری ھەبووە بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا".
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە عێراق چ پارتە سیاسییەکانی یان فراکسیۆنەکانی، گوێڕایەڵیی وڵاتانی ئیقلیمی و ھاوپەیمانان دەکەن، گوتی: "کاریگەریی ئەوان زۆر لە کاریگەریی شەقام زیاترە".
باسنيوز
