عەلی تەتەر: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئێران گرینگە

عەلی تەتەر: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئێران گرینگە
بڕیارە لەسەر بانگهێشتی وڵاتی ئێران، (سەرۆك بارزانی) سەردانی كۆماری ئێسلامیی ئێران بكات و، ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیش دەڵێ: "كۆماری ئیسلامی رۆڵێكی گرینگ دەگێڕێ لە ناو عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و، بۆ چارەكردنی پرسی كوردیش، پێویستمان بە وڵاتانی دراوسێ هەیە".

دكتۆر (عەلی تەتەر)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاند: "ئێران دەوڵەتێكی دراوسێمانە و پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵیدا هەیە، بە تایبەتی وەك پارتی پەیوەندیی لەمێژینەمان لەگەڵ ئێراندا هەیە، كۆماری ئیسلامییش رۆڵێكی گرینگ دەگێڕێ لەناو عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ئێمەی كورد پێویستمان بە پەیوەندیی بەرفراوان هەیە بۆ چارەكردنی دۆزی كوردی لە رێگەی دیالۆگەوە".

(تەتەر) گۆتیشی: "ئێران دەتوانێ رۆڵی كاریگەر بگێڕێ لە ناوچەكەدا، بۆیە رازیكردنی ئێران و دیاركردنی نیەتی ئێمە بەرانبەر دەوڵەتانی دراوسێ، هەنگاوی پۆزەتیڤن بۆ چارەكردنی كێشەی كورد و پرسی ریفڕاندۆم، هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، پێویستە بە جیددی كار بۆ رازیكردنی ئێران بكەین، چونكە لێكتێگەیشتن فاكتەرێكی كاریگەر دەبێت بۆ چارەكردنی كێشەی كورد و پرسی ریفڕاندۆم".







KDP
Top