وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، سەركەوتووانە بەڕێوە دەچێت

 وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، سەركەوتووانە بەڕێوە دەچێت
پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتیی كۆبوونەیەكی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كرد و، ڕایگەیاند كە پرۆسەكە سەركەوتووانە بەڕێوە دەچێت.
(نەوزاد هادی)، لە دیوانی پارێزگادا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی بەرهەمی ئەمساڵی كرد كە لە 25/5/ 2016 بە میكانیزم و ئاسانكارییەكی زۆرەوە دەستی پێ كردووە و سەركەوتووانە بەرێوە دەچێت.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر و نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەری كاروباری ناوخۆ و سەرۆكی یەكێتیی جووتیاران و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی و نوێنەرانی ئاساییش و پۆلیس بەڕێوە چوو، پارێزگاری هەولێر وێڕای ستاییشكردنی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پرۆسەكە و دەستخۆشی لە تێكڕای ستافەكانی سایلۆ و بنكەكانی وەرگرتن و هاوكاری و پشتەوانیكردنی دامودەزگاكان، جەختی لە پابەندبوون بە ریًَنماییەكانی لیژنەی باڵا كردەوە لە نۆرەگرتن و خشتەی هەر قەزایەك بۆ گەیاندنی گەنم لە وادەی دیاریكراو و دروستنەبوونی جەنجاڵی لە پرۆسەكەدا.

(نەوزاد هادی)، هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەمساڵ زۆر ساناتر جووتیاران گەنمەكانیان تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا ڕادەستی سایلۆ و بنكەكانی وەرگرتن دەكەن و هیواخوازن خێرو بێر و داهاتێكی باشیان دەست بكەوێت و هیچ جووتیارێك نائومێد نەبێت لە پرۆسەی وەرگرتن.

پارێزگاری هەولێر، جەختی لە قەدەغەبوونی وەرگرتنی گەنمی ساڵانی پێشوو كردەوە و هەر سەرپێچییەكی كە بكرێت، دووچاری سزای پێژماردن و دەستبەسەرداگرتن دەبێتەوە.

ئەو هەروەها ستاییشی هەوڵەكانی وەزیری بازرگانی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە بە نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ، پشتگیرییان لە بەشێك لە جووتیاران كردووە بۆ هەناردنی پارەی گەنمی هەردوو ساڵی 2014 و 2015 كە تائێستا پارەكانیان وەرنەگرتووە.







KDP
Top