شێخ ئەدهەم: پێشوازی لە گۆڕانیش دەکەین.. حاکم قادر: بە هیواین هەموومان پێکەوە، چارەی دۆخی سیاسیی هەرێم بکەین

 شێخ ئەدهەم: پێشوازی لە گۆڕانیش دەکەین.. حاکم قادر: بە هیواین هەموومان پێکەوە، چارەی دۆخی سیاسیی هەرێم بکەین
لە دیداریاندا لەگەڵ (شێخ ئەدهەم بارزانی)، سەرۆکی شاندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە ڕۆڵی نێوەندگیری ناگێڕین و بە هیواین هەموومان پێکەوە، لە ئەم یەکەم هەنگاوەوە دەست پێ بکەینەوە، چونکە ئێمەیش بەشێکین لە کێشەکان و بەشێکیشین لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا.


شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد لە سلێمانی و، پاش دیدارێک سەرۆکی شاندی یەکێتی(حاکم قادر حەمەجان) و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی(شێخ ئەدهەم بارزانی) لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەوانان دا.


لە دەستپێکدا (حاکم قادر حەمەجان) گوتی، سەردانەکەمان بۆ بەخێرهێنانی (شێخ ئەدهەم بارزانی) وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی و، ڕاگەیاندنی هاوخەمیمانە بە شەهیدبوونی عەمید(دکتۆر ڕزگار) بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سلێمانی و گەلەکەمان کە لە پێناو پاراستنی نیشتیماندا بوو بە قوربانی.
دەربارەی ئەوەی کە وەها بڕیار بووە سەردانیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی تەنیا نەبێ و گوایە دەبوو شاندەکەیان هاوبەش بێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەو گوتی، ئەوانیش سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەکەن.


لە بەرانبەردا (شێخ ئەدهەم بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی کرد و گوتی، برایەتی و پێوەندییەکانمان لەمێژینەن و بە هیواین درێژەیش بکێشێ و میللەتەکەیشمان ئەوەمان لێ دەخوازێ.
هەروەها ڕایگەیاند، ئامادەی پێشوازین لە بزووتنەوەی گۆڕانیش. گوتیشی، ئەم سەردانانە هەنگاوێک دەبن بۆ بەرپاکردنی ئاشتەوایی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا.

لەبارەی ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕانیشەوە (ئه‌دهه‌م بارزانی‌) رایگه‌یاند، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌.


سەرۆکی شاندی یەکێتی گوتی، دەتوانین بە گفتوگۆ چارەی بنەڕەتی بۆ خاڵە ناکۆکەکان بدۆزینەوە. سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەکەین، جا بە جیا بێ یان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا.
گوتیشی، ئێمە بەشێکین لە کێشەکان و بەشێکین لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئێمە ڕۆڵی نێوەندگیری ناگێڕی و بە هیوان هەموومان پێکەوە، لە ئەم یەکەم هەنگاوەوە دەست پێ بکەینەوە و دۆخی سیاسیی هەرێم ئاسایی بکەینەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی(قادر حەمەجان) سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن (شێخ ئەدهەم بارزانی)ـەوە پێشوازی کران.








KDP
Top