ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان وەڵامی پەکەکە دەداتەوە
دوای ئەوەی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئاماژەی بەوە کرد، ڕیفراندۆم پڕۆژەی دەوڵەتی تورکیایە و پارتیش بڕیارەکانی پاکەپە و ئەردۆگان جێبەجێ دەکات. عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان،ڕاگەیاند: “ئەوەی ئێستا دژایەتیی ڕیفراندۆم بکات، پەکەکە و هاوپەیمانەکانیەتی، ئێمە ئەگەر ڕیفراندۆم بکەین، لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەگەر دیمەشقیش ببێتە دیمەشق، لەگەڵ ئەوانیش قسە دەکەین، ئێمە نامانەوێت بە شەڕ و شۆڕ ڕیفراندۆم بکەین”.
عارف ڕوشدی جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، لەسەر بنەمای هاوبەش قسەیان لەگەڵدا دەکرێت. گوتیشی: “ئێمە پێمان خۆشە ئەگەر تورکیا پشتیوانمان لێ بکات، دەستخۆشییان لێ دەکەین”. داواشی لە پەکەکە کرد، وەک هێزێکی کوردی خۆی بنوێنێت و هەوڵ بدات زەمینە بۆ ڕیفراندۆم خۆش بکات. گوتیشی: “نەک وەک دۆران کاڵکان، ئەندامی سەرکردایەتیی کەجەکە و ئەوانی دیکە دەڵێن، ئەگەر ڕیفراندۆم بکرێت، کوردستان دەکەینە گۆمی خوێن".
ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەی ئاشکرا کرد: “پەکەکە چووەتە ناو هاوپەیمانێتییەک کە دژی هەموو داخوازییەکانی گەلی کوردستانە و بووەتە مەقاشی دەستی داگیرکەرانی کوردستان".
باسنيوز
