شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا سێ داواکاری دەگەیەنرێتە سەرۆك بارزانی

شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا سێ داواکاری دەگەیەنرێتە سەرۆك بارزانی
شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سێ داواکاری ئاراستەی بارزانی دەکات.



ئەمڕۆ سێشەممە (31\5\2016)، شاندێکی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. لەمبارەیەشەوە عیماد برهۆ، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئەو شاندە هاتوون لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، سێ داواکاری ئاراستەی بارزانی دەکەن”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داواکارییەکان خۆی لە 3 بەش دەبینێتەوە، یەکەم، ئەنجومەنەکە دەیەوێت لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) نزیک ببنەوە. دووەم، هاتوون ڕەزامەندیی سەرەتایی وەربگرن، چونکە دەیانەوێت ئەنجومەنی سەربازیی نوێ دروست بکەن و حەز دکەن پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بەشێکی سەرەکیی ئەنجومەنەکە بێت. سێیەمیش، دەیانەوێت ئۆفیسی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

برهۆ ئەوەشی اشکرا کرد: “یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئەنجومەنەکە ئەوەیە کە دەیانەوێت بارزانی ڕەزامەندی دەربڕێت بۆ ئەوەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لەناو هاوپەیمانیی نیشتیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەبێت و هەرێمی کوردستان ڕۆڵی ئیجابی هەبێت بۆ ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ئایندەی سووریادا دەکرێت”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ شاندەکە لە سەڵاحەدین، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.




باسنیوز
Top