نێچیرڤان بارزانی بەشداری ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانی ئیتالیا کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠-٥-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی ئیتالیا كرد كە لەلایەن كونسولخانەی ئیتالیاوە لەسەر قەڵای هەولێر ڕێكخرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ماركۆ كارنیلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ئامادەیبوون، خاتوو ئەلیساندرا دی پیپۆ كونسوڵی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا بەخێرهێنانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداری بەڕێزیان لەو ڕێوڕەسمەدا دەربڕی. هەروەها پشتگیری و پشتیوانیی وڵاتەكەی لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە. ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوان شانازی دەكەن ەكەم كونسلخانەن یادی نیشمانی وڵاتەكەیان لەسەر قەڵای مێژووییی هەولێر دەكەنەوە.
دواتر بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێز فەلاح مستەفا سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا پیرۆزبایی ئەو ڕۆژەی لە گەل و حكوومەتی ئیتالیا كرد و سوپاسی هەموو ئەو هاوكارییانەی ئیتالیای كرد كە لە بوارە جیاوازەكاندا بە تایبەت لە شەڕی دژی تیرۆر پێشكەشی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیان كردووە. هەروەك هیوای خواست پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا فراوانتر بكرێن و هەموو بوارەكان بگرێتەوە.
