لە بەردەوامی وازهێنانەکانیاندا سەرکردەیەکی دیکەی گۆڕان دەستی لەکار کێشایەوە

لە بەردەوامی وازهێنانەکانیاندا سەرکردەیەکی دیکەی گۆڕان دەستی لەکار کێشایەوە
ھەڵسووڕاوێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەکە ڕاگەیاند و ئەوەی ئاشکرا کرد کە بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا کار ناکات.

ڕازاو عەبدول، ئەندامی ژووری پەیجووری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "وازم لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ھێناوە، ھەرچەندە چەند ساڵێکە لەنێو ڕیزەکانی گۆڕاندا کار دەکەم، بەڵام ئێستا وازم لەو بزووتنەوەیە ھێناوە و ھیچ لینکێکم بە گۆڕانەوە نەماوە و لە ھیچ ئۆرگانێکیدا نەماوم”.

دەربارەی ھۆکاری وازھێنانی لە بزووتنەوەی گۆڕان، ڕازاو عەبدول گوتی: “ھۆکاری وازھێنانم تەنھا بۆ حاڵەتێکی دیاریکراو ناگەڕێتەوە، بەڵکو یەکێک لە ھۆکارەکانی وازھێنانم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان، ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا واژوو کردووە، چونکە ئێمە کاتی خۆی ئیدیعای ئەوەمان دەکرد کە بزووتنەوەی گۆڕان بزووتنەوەیەکی جەماوەری دەبێت، بەڵام ئێستا چووە ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ حزبێکی باڵادەست واژوو کردووە، بۆیە بە باشم زانی واز لە گۆڕان بهێنم”.

ڕازاو عەبدول ئەوەشی بۆ ئاشکرا کرد کە لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، ھەست ناکات بزووتنەوەی گۆڕان بتوانێت ڕۆڵێکی کارای ھەبێت و دەڵێت: “هەست ناکەم ئیتر گۆڕان لەناو میللەتدا بێت و کار بۆ بەرژەوەندیی میللەت بکات، وازھێنانم بە باشتر دەزانم”.

ڕازاو عەبدول، خانمە پارێزەرێک و هەڵسووڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بووە کە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014ی پەرلەمانی کوردستاندا، لە لایەن لیستی گۆڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کراوە و بزووتنەوەکەی بە نیازبوو لە حاڵەتی هەڵبژاردنیدا، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کاندیدی بکات.

ئەمە یەکەمین سەرکردەی گۆڕان نییە کە واز لە ڕیزەکانی ئەو بزووتنەوەیە دەهێنێت، پێشتریش توانا فایەق، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و محەمەد حاجی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە، لەگەڵ چەندان سەرکردەی دیکەی گۆڕان، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.
باسنیوز
Top