"حکوومەت دەبێ پێوەندی بە بانکی نێودەوڵەتییەوە بکات چونکە بەغدا نیەتی باش نییە"

بڕیاردەی لێژنەی ئابوور‌یوداراییەکەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق هیچ متمانەی پێ ناکرێ، بۆیە بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی بەدواداچوونی جددی بکات و، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیدا بچێتە سەر خەت.



هیڤا حاجی میرخان، بریاردەی لێژنەی دارایی‌وئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "متمانەمان بە حکوومەتی عێراق نییە پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزە نێودەوڵەتییە بدات کە وەری‌دەگرێت؛ چونکە وا لەمێژە بوودجەی پێشمەرگە و، خەرجی سیادی و حاکمیە و، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و، سەربودجەی کوردستانیشی خواردووە و لێمانی بڕیوە؛ جا عێراق ئامادە نەبێ قووتی خەڵکی کوردستان بدات، چۆن شتی دیمان پێ دەدات!"



میرخان دەیشڵێت: "بەڵام ئەگەر هات و بانکی جیهانی قەرزی دایە عێراق، دەبێ بە مەرجێک بێت کە پشکی هەرێمی کوردستانی لێ بدات؛ مەگەر بەو مەرجە، ئەگین حکوومەتی عێراق یەک دیناری لێ ناداتە کوردستان. جا داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ ئەو دەوڵەت و بانکە نێودەوڵەتیانە و هشیاریان بکاتەوە و، تێیان بگەیێنێت عێراق چەندە نیازی خراپە."










KDP
Top