مەكتەبی سیاسی، پیرۆزبایی لە سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین دەكات
ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:
بۆ بەڕێز/ سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بە بۆنەی سەركەوتنی حەوتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەك ئەمینداری گشتی، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. لە رێی بەڕێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە یەكە یەكەی ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتوو دەكەین.
بەهیواین ئاكام و بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرەكەتان خزمەتی زیاتر بە پتەوكردنی نەهجی میانڕەو و هاوسەنگانەی حیزبەكەتان بكات كە هەمیشە پێی ناسراون و بە قازانجی بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بشكێتەوە.
كۆنگرەكەتان كە هاوزەمان بوو لەگەڵ هەلومەرجێكی هەستیار و چارەنووسسازدا كە گەلی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێ، گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە و بڕیار و ئاكامەكانی جێگەی بایەخی هەموو لایەكمانە.
هەر لەم بۆنەیەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی پەیوەندیی دۆستانە و كوردستانیانەی نێوانمان، هیوای هەرچی زیاتر پتەوكردنی ئەو دۆستایەتی و برایەتییە دەخوازین كە كوردستان و قۆناغی ئارا و هەڕەشە و پڕكێشییەكان و هاوكات نزیكبوونەوەی ئاواتە مەزنەكەی گەلەكەمان لە دیاریكردنی مافی چارەنووسدا دەیخوازێت.
پیرۆزبایی گەرمیشمان بە سەركردایەتی نوێی یەكگرتوو دەگەیەنین و هیوای سەركەوتن و مۆفەقیەتیان بۆ دەخوازین لە ئاڕاستەكردنی سیاسەت و رێباز و هەڵوێستەكانی یەكگرتوودا بەرەو خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی دیموكراتییانەی كوردستان و یەكدەستی و هاوهەڵوێستیی هەمووان لە پرس و دۆزە چارەنووسسازەكاندا.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
30/5/2016
KDP
