زێباری: ئەوەی حكوومەت لە توانایدا بووە بۆ نهمانى توندوتیژی دژ بە ژنان كردوویەتی
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئایاری 2016، لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2015 لە هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە چەندین ئامار و زانیاریی لایەنە حكوومی و ناحكوومییەكان ساز كرا و، لەمیانەی ئەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەڵامی دامودەزگا حكوومییەكانیش بۆ راپۆرتەكەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، خرایە روو.
(د. دیندار زێباری) سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، تیشكی خستە سەر سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند كە، بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ـی ساڵی ١٩٦٩، هیچ كەس و لایەنێك مافی دەستگیركرنی كەسێكی دیكەی نییە ئەگەر بێت و دادگا فەرمانی دەستگیركردن دەرنەكات و دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم لایەنی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی وەزارەتی ناوخۆن. هەروەها ئاماژەیشی بەوە كرد كە، داواكاری گشتی لە ٢٠١٥ـدا تەنیا لە بەندیخانەی مەحەتە (115) بەدواداچوونی كردووە و راپۆرتی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز كردووەتەوە هەروەها بەدواداچوونیان بۆ ٣٠١ سكاڵا كردووە.
سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان خستە ڕوو و، ئاماژەی بەوە كرد كە لەسەر پێشێلكردنی مافی كرێكاران ٦ كۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە و 18 كۆمپانیا بە شێوەیەكی فەرمی ئاگادار كراونەتەوە. حكوومەت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی كار لە پارێزگاكانەوە، 4244 هەلی كاری بۆ بێكاران دۆزیوەتەوە.
سەبارەت بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و رەوشی ژیانیان لە شەڵتەرەكان، (زێباری) گوتی، حكوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە لە رێگەی دامەزراوە و ریكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی ژنان كردوویەتی بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان كەم ببێتەوە و بەرەو نەمان بچێت، هەروەها بەردەوام هاوكاریی ئەو ژنانەیشیان كردووە كە روویان لە شەڵتەرەكان كردووە بە جۆرێك كە لە ساڵی 2015دا 703 ئافرەت روویان لە شەڵتەرەكانی داڵدەدان كردووە و پاش هاوكاریكردنیان لەلایەن شەڵتەرەكانەوە و چارەكردنی كێشەكانیان (623) كەسیان شەڵتەرەكانیان جێ هێشتووە.
دكتۆر (دیندار) سەبارەت بە مێدیا و ئازادی رادەربڕین و قەڵاچۆكردنی ماددەی هۆشبەریش ڕوونی كردەوە: "حكوومەتی هەرێم بنەماكانی دیموكراسی پەیڕەو دەكات لە بواری راگەیاندندا، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (٨٠٠٠) رۆژنامەنووس هەیە لە هەموو بوارەكاندا".
لە هەرێمی كوردستان بۆ قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، كار بە یاسای ژمارە (٦٨)ـی ساڵی ١٩٦٥ دەكرێت و لە هەر یەك لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، بەشی تایبەت بە ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان كراوەتەوە وەك بەشێك لە نەخۆشخانەی تووشبووان بە نەخۆشییە دەروونییەكان.
لە كۆتاییدا سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم 40 كەمپی بۆ ئاوارە و پەنابەران دروست كردووە و ئەوەی لە توانایدا بووە ئەنجامی داوە بۆ هاوكاریكردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. لە كەمپەكان نیشتەجێیان كردوون و پێداویستی و كەلوپەلە سەرەتاییەكانیان بۆ دابین كردوون و بە گوێرەی قەبارەی ئەو كەمپانەی كە پەنابەران تێیدا نیشتەجێن، پۆلیس و ئەفسەر دانراون بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی ئەمنی ئەم كەمپانە، هەروەها چەندین بنكەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی توندوتیژی دانراون و لە هەموو كەمپەكان بنكەی تەندروستی هەیە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی خەڵكەكە و ژمارەیەكی زۆر لە منداڵی پەنابەرەكانیان ناردووەتە خوێندنگا و قوتابخانەكان بۆ ئەوەی لە خوێندن دوا نەكەون.
تا ئێستایش ژمارەی قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم نزیكەی (١٢٥) هەزار قوتابییە، ئەمە جگە لەو قوتابیانەی كە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم درێژە بە خوێندنیان دەدەن، هەروەها لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ ژمارەی قوتابییە ئێزدییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم، گەیشتووەتە ١٠٥٠ قوتابی.
KDP
