دژە تیرۆری کوردستان: سێ چەکداری داعش خۆیان رادەست دەکەن
رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایاری 2016، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، پێشمەرگە هێرشی کردە سەر گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ و هێرشەکە ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
پەیجی فەرمیی هێزەکانی دژە تیرۆر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە لە گوندی وەردەک، سێ چەکداری داعش بە ئۆتۆمبێلێکی هەمەڕەوە خۆیان رادەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.
کە هێزەکانی پێشمەرگە ژمارەیەک چەکداری داعشیان لە سنووری میحوەری خازر گەمارۆ داوە و رێکخراوەکەش فەرمانی بە چەکدارەکانی دیکەی کردووە، بەرەو گوندەکانی نزیک مووسڵ پاشەکشە بکەن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، سوپای عێراق لە مووسڵ لەبەرامبەر چەکدارانی داعش شکستی هێنا و زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کرا.
باسنیوز
