ناڕەزایی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی دژی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان پەرە دەسێنێت

ناڕەزایی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی دژی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان پەرە دەسێنێت
سەرجەم ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی کە ڕەخنەیان لەسەر ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی هەبوو، بەشداریی خوانەکەی ماڵی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان نەبوون و باسیش لەوە دەکرێت، ناڕەزای ئەو سەرکردانەی یەکێتی درێژە دەکێشێت.

ڕۆژی 27\5\2016، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی گۆڕان، خوانێکی بۆ سەرکرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی خۆی رێکخست و سەرجەم ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەشدارییان نەکرد کە ناڕەزاییان لە دژی ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی هەبوو. لەمبارەیەشەوە سەرچاوەیەکی باڵای ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند: “هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەخنە و گلەیی و تێبینییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەبووە و چاوەڕوان دەکرێت ئەو نیگەرانییەیان بەردەوام بێت”.

لە لایەن خۆشیەوە، حامید حاجی غالی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: “ڕاستە ئەو ئەندامانە ڕەخنەیان لەسەر ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی هەبووە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر ئەدای ئەوان لەناو یەکێتی نییە و کۆبوونەوەی ماڵی نەوشیروان مستەفاش بۆ خوانێک بوو، نەک شتی سیاسی”.

سەرچاوە باڵاکەی نێو یەکێتی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ناڕەزاییەکانی ئەو سەرکردە و ئەندامانەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە ڕادەیەکە کە ئامادە نین بۆ خوانێکیش سەردانی ماڵی نەوشیروان مستەفا بکەن.








باسنیوز
Top