سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە مووسڵ نزیكتر دەبنەوە

سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە مووسڵ نزیكتر دەبنەوە
رۆژی یەكشەممە 29/5/2016 فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە هێرشێكی چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە گوندی موفتی شەهید بوو، ماوەیەكی كورت پاش ئەمە هەزاران پێشمەرگە ناوچە مینڕێژكراوەكان و خۆكوژەكانیان بڕی و گوندی موفتییان ئازاد كرد و سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان لە شاری مووسڵ نزیكتر كردەوە.

ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی گوندی موفتی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەبوو كە بەر لە هەڵهاتنی خۆر دەستیپێكرد و تێیدا پێنج هەزار پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی زێرەڤانی بەشدار بوون. لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە گوندی موفتیشەوە 10 گوند ئازادكران كە دانیشتووەكانیان كاكەیی و شەبەكن.

گوندەكان دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە چۆڵ كرابوون و دانیشتووانی گوندەكەش روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.
سەرەتا هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بنكەكانی داعشیان كردە ئامانج، دواتریش پێشمەرگە بە تۆپ و هاوەن چەكدارانی داعشیان كردە ئامانج، دواجاریش پێشمەرگە توانی بچێتە نێو گوندەكەوە.

تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە چووە نێو قوتابخانەی گوندەكەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەقە وەستا و هیچ نیشانەیەك لە چەكدارانی گرووپەكە دیار نەمابوو. پێشمەرگە لە دوو ئاراستەوە بەرەو گوندەكە پێشڕەوییان دەكرد و دواتر لە ناوەندی گوندەكە یەكیانگرتەوە.

رێك لەم كاتەدا بوو خۆكوژێكی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی بە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژكراو لە تونێلێكی بچووك دەرچوو. خۆكوژەكە دەستی بە تەقە كرد، لە ئاكامیشدا فەرماندەی لیواكە بەنێوی عەمید رزگار محەممەد ئەمین ئاغای سیوەیلی شەهید بوو، پاسەوانەكەشی بریندار بوو. پێشمەرگەكان دەستیان بە تەقە كرد و خۆكوژەكەش پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقاندەوە.

عەمید رزگار، 58 ساڵ، لە بەشی‌ پزیشكی‌ هێزەكانی‌ زێرەڤانی‌ كاری‌ دەكرد. لە یەكەم وەجبەی‌ ئەو پێشمەرگانە بوو كە لە مانگی 10ی 2014 چوونە كۆبانێ. بەمەبەستی‌ یارمەتیدانی‌ یەكینەكانی‌ پاراستنی‌ گەل لەشەڕی‌ دژی‌ داعش.

هەڵمەتی گەڕان و پشكنینی پێشمەرگە بە ناو گوندەكەدا دەستی پێكرد، لەم كاتەدا بوو چەكدارانی داعش بە دوو ئوتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان هێنا، كە تەقینەوەكەیان زەوی ژێر پێمانی لەرزاند.

جودا لە فەرماندەكەی پێشمەرگە كە شەهید و پاسەوانەكەشی كە بریندار بوو، پێشتر سێ پێشمەرگەی دیكە لە كاتی هێرشی بەرەبەیاندا بریندار ببوون و دواتریش پێشمەرگەیەكی دیكە دەستی بریندار بوو.

دوای پاككردنەوەی گوندی موفتی لە چەكدارانی داعش، ژمارەیەك لە پێشمەرگەكان لە گوندەكە مانەوە بۆ ئەوەی بە شوێن بۆمبی چێنراو یانیش ئاماژەكانی بەرگری چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامیدا بگەڕێن، لە كاتێكدا زۆربەی پێشمەرگەكان لە دەرەوە بە تانك و چەكی قورس دەور تا دەوری گوندەكەیان گرتبوو.

لە كاتی رێكردن بەناو گوندەكەدا پێشمەرگەكان دەبووایە بە وریاییەوە هەنگاو بنێن، نەكا پێیان بەر یەكێك لەو كێبڵە دوور و درێژانە بكەوێت كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لەگەڵ مینە چێنراوەكانی سەر جادەكان و شوێنە مینڕێژكراوەكانی دیكە پێكەوە بەسترابوونەوە.

خالید جەبار، پێشمەرگەیەكە كە لە ساڵی 2005ەوە لەم ناوچەیە پێشمەرگایەتی كردووە، پێشتریش بەر لە هێرشەكانی داعش و دەستگرتن بەسەر ناوچەكەدا خالید بە مەبەستی پشكنینی سەربازی و ئەمنی هاتووەتە ئەم ناوچەیە، وەكوو خالید باسی كرد، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی هیچیان بە گوندەكەوە نەهێشتووە.

خالید جەبار بە (رووداو)ی گوت "ژیان لەم گوندە ئاسایی بوو، خەڵك بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ئاژەڵ دەژیان، زۆر جاریش بۆ كرێكاری دەچوونە هەولێر، بەڵام دواتر داعش هات و هەموو شتێكی وێران كرد."

بەم سەركەوتنەی رۆژی یەكشەممەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەرزاییەكی زۆر ستراتیژی لە دەستی داعش دەرهێنرا، ئەم بەرزاییە بەسەر بەشێكی زۆر لە گوندێكی گەورە بەنێوی بەدەنە دەڕوانێت.

بە گوتەی یەكێك لە ئەفسەرانی پێشمەرگە گوندی بەدەنە نزیكەی 300 خانووی تێدایە، بەڵام نەیویست باسی ئەوە بكات ئاخۆ ئۆپەراسیۆنەكەی رۆژی یەكشەممە كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندی بەدەنەش لەخۆدەگرێت یان نا.

لە دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكەی رۆژی یەكشەممەوە، هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان كردووە بە فراوانكردنەوەی سەنگەرەكانیان، بۆ ئەم مەبەستەش هەم پەرژینیان داناوە و هەمیش خاكێكی زۆریان هەڵداوەتەوە.

ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكانی رۆژی یەكشەممە تەنیا گرتنەوەی گوندەكانی ناوچەكە نییە، بەڵكو كشانی بەرەكانی هێزی پێشمەرگە و نزیكبوونەوەیان لە مووسڵە كە بە ئوتۆمبێل تەنیا بیست و پێنج خولەك لە گوندی موفتییەوە دوورە.

چەندین مانگ دەبێت هەنگاوەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق، دەستیان پێكردووە، سوپای عێراق، میلیشیا عەرەبەكانی هاوپەیمانی حكومەتی عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا لە هەماهەنگیدا بوون بۆ ئەوەی درەنگ یان زوو هێرشەكان بۆ گرتنەوەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش لە عێراق دەستپێبكات.




روداو
Top