پێشمەرگە دوو گوندی دیکە لە سنووری خازر رزگار دەکاتەوە
لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایاری 2016، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، پێشمەرگە هێرشی کردە سەر گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ.
رۆژی دووشەممە 30ـی ئایاری 2016، بۆ دووەم رۆژ، ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە و هەردوو گوندی (گەزەکان و تولەبەندی) رزگار کراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە هێزەکانی پێشمەرگە توانییان هەر چوار گوندی تەلئەسوەد، زھرە خاتوون، تەلبەند و موفتیی رزگار بکەنەوە.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، چەکدارانی داعش ورەیان رووخاوە و لە بەرەکانی شەڕ رادەکەن و خۆیان لەبەر زەبری هێرش و بۆردومانەکانی پێشمەرگە ناگرن.
لە مانگی حوزەیرانی 2014، سوپای عێراق لە مووسڵ لەبەرامبەر چەکدارانی داعش شکستی هێنا و زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیر کرا.
باسنیوز
