ئۆپەراسیۆنەكەی پێشمەرگە بەردەوامە و داعش ڕادەكەن .. گوندی "وەردەك"ـیش كۆنتڕۆڵ كرا
(عارف تەیفوور) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە هێرشێكی هێزی پێشمەرگەدا گوندی وەردەك ڕزگار كراوە و داعشیش لەو میحوەرە تووشی شكست بووە و ڕادەكەن.
هاوكات، موقەدەم (جەعفەر كەریم) فەرماندەی بەتالیۆنی دووی سوپای 4ـی زێرەڤانی لە میحوەری حەسەن شام، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆیش بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی ئەو سنوورەی كە ماوە و پلانمان بۆ داناوە، ئێستایش لە پێشڕەویی بەردەوامداین و گوندی وەردەكیشمان كۆنتڕۆڵ كردووە".
موقەدەم (جەعفەر) گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش بەرگرییەكی زۆر لاوازیان هەیە و ناتوانن خۆیان لەبەر پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە ڕابگرن و كوژراوی زۆریشیان هەیە".
جێی ئاماژەیە، لە سەعات 4ـی بەرەبەیانیی دوێنێ یەكشەممە 29-5-2016ـەوە، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرمان و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لە چەند ناوچە و گوندێكی میحوەری خازر دەست پێ كردووە و ئەمڕۆیش بەردەوامە.
Kdp.info
