جەنەراڵ ئێرنی ئۆدێرنۆ: بارزانی لە ڕیزی پێشمەرگەدا ئامادەی شەڕەكان دەبێ
جەنەراڵ ئێرنی ئۆدێرنۆ کە ئەفسەرێکی کۆنی سوپای ئەمریکایە و لە کاتی هاتنی سوپای ئەمەریکا بۆ عێراق، لە هەرێمی کوردستان بووە و یەکێکە لە دۆستە نزیکەکانی کورد، پێش كەمێك لە پۆستێكی فەیسبوكی خۆیدا نووسیویەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خودی خۆی ئامادەی شەڕەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەبێ و بەردەوام لەگەڵ پێشمەرگەكانیدایە.
جێی باسە لە هێرشەکەی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەر گوندەکانی خازر، چەندین ئەمیری داعش کوژراون و چەندان ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان لێ تێکشکاندوون.
لەمبارەوە عەقید دڵشاد مەولوود بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕاگەیاندبوو “هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گوندی (موفتی)ەو بەرەو پێشەوە پێشڕەوی دەکات و هێرشکردن بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئامانجی پلانی سەربازیی خۆمان”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە هێرشەکەدا، چەندین هەمەری سەربازیی داعش و پێداویستیی سەربازییان کەوتووتە دەست هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەند گەورە ئەمیرێکی داعش کوژراون.
گوتیشی “بەفەرمانی بارزانی، پێشڕەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت و فرۆکەی هاوپەیمانانیش بەچڕی بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردومان دەکەن".
