هێرشێکی دیکەی داعش لە ڕۆژئاوای کەرکووک تێکشکێنرا
حوسێن یەزدانپەنا، بەرپرسی میحوەری قەڵای ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاوای کەرکووک، ڕاگەیاند: “بۆ ئەوەی لەبایەخی هێرشە گەورەکەی پێشمەرگە بۆ سەر میحوەری خازر کەم بکەنەوە، هەوڵیان دا کە هێرشی فراوان بۆ سەر ڕۆژئاوای کەرکووک ئەنجام بدەن”. بۆیە ئەمڕۆ یەکشەممە (29\5\2016) داعش لە ڕۆژئاوای کەرکووک دەستی بە جووڵە کردووە کە سەرجەم جووڵەکانیان لەژێر چاودێریی چڕی پێشمەرگەدا بووە و وەڵامیان دراوەتەوە.
یەزدانپەنا دەڵێت: “چەکدارانی داعش دەیانویست سەنگەری پێشمەرگە لە کەرکووک سەرقاڵ بکەن، بەڵام ئەوان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، ئێستاش شۆفڵ و هەمەر و چەکیان لە بەرەکانی جەنگ بەجێماوە و پاشەکشەیان کردووە". گوتیشی: ”سنووری هێرشەکە فراوان بووە، بە جۆرێک لە مەنسووڕییە تا غەرە، داعش هێرشی کردووەتە سەر پێشمەرگە".
باسنیوز
