سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا: سەربەخۆیی مافی گەلی کوردستانە
حەیات مەجید پەرخی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند، دامەزراوەی تۆنی بلێر بۆ قبووڵکردنی پێکھاتە ئاینییەکان (The Tony Blair faith foundation) دیبەیتێکی کراوەی بۆ تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا رێکخست و تەنیا پێنج پرسیار وەرگیرا و وەڵامدراونەتەوە، کە یەکێکیان ”پرسیارێکی من بوو لەبارەی پەیماننامەی سایکس_ بیکۆوە“.
حەیات مەجید پەرخی لە دیبەیتەکەدا لە پرسیارێکدا بۆ تۆنی بلێری ئاماژەی بەوەکردووە، کە جیاواز لە کاتی رێککەوتنی پەیماننامەی سایکس بیکۆ، ئێستا بەریتانیا و فەرەنسا هاوکاریی کورد و هێزی پێشمەرگە دەکەن و پرسیویەتی، ”ئێستا ھەڵوێستی ئێوە چییە لەسەر دەوڵەتی کوردی؟“.
تۆنی بلێر لە وەڵامدا رایگەیاندووە، کە پرسی سەربەخۆیی کوردستان ”بۆ ئێوە زۆر گرنگە و مافی خۆتانە، بەڵام بیر لە بارودۆخی ناوچەکە و ئەو جۆرە هەستیارییانەی بەناوچەکەدا تێدەپەڕێت بکەنەوە“.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا پێیوایە سەردەمی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ (1916) جیاواز بووە، ئەوکات ژمارەی دانیشتووانی عێراق تەنیا دوو ملیۆن کەس بووە و ئێستا ژمارەی دانیشتووان زۆر زیادی کردووە، ”بۆیە رێککەوتنێکی دیکە لەو بوارەدا گەلێک ئەستەمە“.
تۆنی بلێر ستایشی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی کردووە، کە ئازایانە رووبەڕووی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش بوونەتەوە و توانیویانە زۆرینەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان رزگار بکەنەوە.
باسنیوز
