پارتی و یەکێتی بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستنی سیاسی کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستنی سیاسی کۆدەبنەوە
پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر پرسی کۆتاییهاتن بە دۆخی چەقبەستووی کوردستان، کۆدەبنەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتیش دەڵێت: "یەکێتی دەبێت ڕوونکردنەوەمان پێ بدات".

د. ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: “بڕیارە ئەم هەفتەیە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە چی بکرێت بۆ ئەوەی دۆخی چەقبەستووی کوردستان چارەسەر بکرێت، چونکە یەکێتی پێش ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان هەوڵی میانگیری دەدا کە گرفتەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام لەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی کۆتایی، بۆیە ئەو کۆبوونەوەیە پێویستە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە هەبێت”. گوتیشی: “لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان باس دەکرێت، بەڵام دەبێت مەرجی لەگەڵدا نەبێت، چونکە لە لای ئێمە یوسف محەمەد کۆتایی هاتووە".

لە بارەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ڕای گەیاند: "لە دانیشتەکان دەتوانین باسی هەموو شتێک بکەین". ڕوونیشی کردەوە: “ئەوەی یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا ئەنجامی داوە، گەڕانەوەیە بۆ خالی سفر، بۆیە دەمانەوێت لە کۆبوونەوەکە بزانین یەکێتی پێداگری دەکات لەوەی بەپێی ڕێککەوتنەکە بکات یان ڕێگایەکی دیکە هەیە”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ناکەن، بەڵکو بە شێوەی جیاواز لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە، لەسەر بنەمای دانیشتن لەگەڵ یەکێتی بڕیار دەدەن لە داهاتوودا چی بکەن.







باسنیوز
Top