لە ھەولێر دایکی دوو منداڵ لەلایەن براکەی کوژرا
رێباز زێوەر مستەفا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان- ھەولێر راگەیاند، ئەمڕۆ28-5-2016 کاژێر 2:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ، لەلایەن کۆنترۆڵی 134ی پۆلیس ئاگاداری نووسینگەی قەڵای سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتانی ھەولێر کرایەوە بەبوونی حاڵەتی کوشتنی ئافرەتێک لە نزیک مزگەوتنی شێخ محیەدینی گەڕەکی برایەتی شاری ھەولێر، ئەفسەر و کارمەندانی نووسینگەی ناوبراو گەیشتنە شوێنی رووداو، پشکنین و ھێلکارییان بۆ شوێنی رووداوەکە کرد.
نەقیب رێباز زێوەر گوتیشی "تیمەکانمان بینیان ئافرەتێک بەناوی (ج.ش.ح) لە دایکبوونی 1988، دانیشتووی ھەولێر، لە لایەن براکەی بەناوی (ف.ش.ح) کە سەڵتە و لەدایکبووی 1982ـە، کوژراوە.
ئەو ژنە خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە. تۆمەتبار دوای رووداوەکە لە شاری ھەولێر خۆی رادەستی بنکەی ئاسایشی راپەڕین کردووە.
بەگوتەی رێباز زێوەر بەرپرس و ئەفسەرانی لێکۆلینەوە لە نووسینگەی قەڵا، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ تۆمەتبار (ف.ش.ح) دەستپێکردووە و ناوبراو دانی ناوە بە کوشتنی خوشکەکەی بە دوو فیشەکی کلاشینکۆف.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان/ ھەولێر، گوتیشی "تۆمەتبارەکە دەڵێت باری دەروونیم ناجێگیرە، بەڵام ئێمە ناتوانین راستی قسەکانی بیسەلمێنین، بۆیە رەوانەی لێژنەی پزیشکی دەکرێت تاکو بزانرێت باری دەروونی ئەو کەسە تەواووە یان نا".
بەگوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان تۆمەتبارەکە پێشتر لە بەریتانیا ژیاوە و ماوەی دوو مانگە گەڕاوەتەوە ھەرێمی کوردستان. پێشتر لە بەریتانیا بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک 13 ساڵ بەندکراوە.
نەقیب رێباز زێوەر ئاشكرایكرد "تۆمەتبارەکە دەیڵت: دوای ئەوەی (ج.ش.ح)ی خوشکی بە سەردان ھاتووەتەوە ماڵی باوکی لە گەڕەکی برایەتی، ئەو دوو فیشەکی لە پشت و دستی خوشکەکەی داوە و کوشتویەتی. تۆمەتبارەکە دەشڵێت: دەمویست سەرجەم خانەوادەکەم بکوژم، چونکە لەمێشکم شتێک دروست دەبووك ھانی دەدام بیانکوژم".
نەقیب رێباز زێوەر گوتیشی "تەرمی ئافرەتە کوژراوەکە لە پەیمانگەی پزیشکی دادی ھەلێرە، تۆمەتبارەکە بە گوێرەی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە و لێکۆلینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە".
