ئەلیزا ماركۆس: پاساوەكانی دژی سەربەخۆیی كوردستان بەسەرچوون كاتی ئەوەیە كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ

ئەلیزا ماركۆس: پاساوەكانی دژی سەربەخۆیی كوردستان بەسەرچوون كاتی ئەوەیە كوردستان ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ
لە كاتێكدا سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرەس و داڕووخاندایە، ئەوا ناسیۆنالیزمی كوردی بۆتە واقیعێك لەم ناوچەیە. كاتی ئەوە هاتووە چیتر مشتومڕی ئەوە نەكەین كە ئایا كورد شایستەی ئەوەیە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، یان نا. چونكە نزیكەی 40 ملیۆن كورد لە توركیا و عێراق و ئێران و سووریادا دەژین و ئەوان گەورەترین گرووپی ئیتنین كە مومارەسەی مافی بڕیاردانی چارەنووسیان نەكردووە. بۆ ماوەیەكی زۆر كورد كۆششی كردووە لە پێناوی سەربەخۆییدا، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی تێیدا ژیاون، هەمیشە بەرهەڵستی ئەم هەوڵەیان كردووە. ئەمەریكا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی بەرهەڵستی سەربەخۆبوونی كوردیان كردووە، لەبەر ئەوەی نیگەران بوون لەوەی ببێتەهۆی ناسەقامگیركردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەرزۆك!
پاساو و بیانووەكانی دژ بە سەربەخۆبوونی كورد بەسەرچوون. مەسەلەكە ئەوەیە نییە ئایا پێویستە جیهان رێگەبدات كوردان ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان. بەڵكو مەسەلەكە بریتییە لە هەنگاوهەڵگرتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێ بە پێی ئەو كارانەی كورد ئەنجامی داون. لە عێراق و سووریا، گرووپە كوردییەكان دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان دامەزراندووە-ئەگەرچی دەوڵەتی ئەمری واقیعە- بێ ئەوەی چاوەڕێی مۆڵەت وەرگرتن بكەن. ئەمانە دەوڵەتی سەربەخۆیی تەواو گەشەكردوو نین كە خودان پەیوەندی دیپلۆماسی بن لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و لەسەر ئاست جیهانی ئیعتیرافیان پێكرابێت. بەڵام ئەمە نەبۆتە رێگر، لەبەر ئەوەی سەلماندوویانە بێ ئەوەش دەتوانن كاروبارەكانی خۆیان بەڕێوە ببەن. لە ئێستادا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەمەریكا و ئەوانی دیكە خۆبەڕێوەبەری كورد قبووڵ دەكەن؟ لە ئێستادا ئەمە پرسێكی بەپەلەترە بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی كورد لە عێراق و سووریا بۆ شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی كە بە شێوەیەكی بەربڵاو بە داعش ناسراوە.
Top