بەهۆی کۆکردنەوەی پارە بۆ داعش چەند کوردێک لە دەرەوەی وڵات دەستگیر کراون

بەهۆی کۆکردنەوەی پارە بۆ داعش چەند کوردێک لە دەرەوەی وڵات دەستگیر کراون
بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئاشکرا کرد، چەند کەسێکی کوردی خەڵکی کوردستانی باشوور، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەرەوەی کوردستانەوە دەستگیر کراون کە هاوکاریی داراییان بۆ ڕێکخراوی توندڕەوی داعش کۆکردووەتەوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەشێکی زۆری ئەو کوردانەی لە کوردستانی باشوورەوە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوون بە داعش کە لینکی پەیوەندیی ئەوان و داعش لە ڕێگای ئەو کوردانەوە بووە، کە لە دەرەوەی وڵات دەژین”. گوتیشی: “ئاگادارین و زانیاریمان هەیە کە بەشێک لەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵاتن، پارەیان بۆ داعش کۆکردووەتەوە و ڕەوانەی مووسڵیان کردووە، کە دواتر دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانە چەند کوردێکیان دەستگیر کردووە کە هاوکاربوون بۆ ئەوەی خەڵک هان بدەن، بۆ چوونە ناو داعش و کۆمەکی داراییشیان کۆکردووەتەوە".

نەقشبەندی ئەوەی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد، هەندێک لەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین و سەر بە داعشن، بە دەنگ و تۆماری ڤیدیۆیی، پشتیوانیی خۆیان بۆ داعش دەربڕیوە و گەنجانیشیان بۆ چوونە ناو داعش هان داوە، بۆیە دەستگیر کراون.






باسنيوز
Top