شەرقولئەوسەت: ئێران بنکەیەکی سەربازیی لە سلێمانی دادەمەزرێنێت

شەرقولئەوسەت: ئێران بنکەیەکی سەربازیی لە سلێمانی دادەمەزرێنێت
رۆژنامەیەکی بەناوبانگی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای پاسدارانی ئێران بنکەیەکی سەربازیی گەورە لە پارێزگای سلێمانی دادەمەزرێنێت.



هەروەک رۆژنامەی(شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، بنکە سەربازییەکەی سوپای پاسداران دەکەوێتە نزیک چیای سوورێن لە شاری سەید سادق و ئێستاش فڕۆکە جەنگییە ئێرانییەکان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە.



سەرکردەیەکی کورد، کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە سوپای ئێرانی لە رۆژی 7ـی ئایاری 2016ـەوە دەستی بە دروستکردنی بنکە سەربازییەکە کردووە.



ئەو سەرکردەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێران سەکۆی مووشەکهاوێژی لە بنکەکەدا جێگیر دەکات و تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆری چەک و جبەخانەی بردووەتە ناوچەکە.



باران بێریکان، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە ئێران لەو سنوورە دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە و چەک و جبەخانەیەکی زۆری بردووەتە ناوچەکانی نیک لە چیای سوورێن.



باران بێریکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەرچە سنوورییەکانی ناوچەکە داخراون و سوپای پاسداران لە شارەکانی مەریوان و سنەی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە، هێز و سەرباز دەنێرنە نزیک سەید سادق.






باسنیوز
Top