بارزانی داوەتە فەرمییەکەی بۆ سەردانی تاران قبووڵکردووە

بارزانی داوەتە فەرمییەکەی بۆ سەردانی تاران قبووڵکردووە
بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی ئێران سەردانی تاران بکات و لەگەڵ رابەری باڵا و سەرۆككۆماری ئێران كۆببێتەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو داوەتە فەرمیەی قبوڵکرد کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ سەردانکردنی تاران پێیگەیشتبوو، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ئەو زانیارییەی پشتڕاستدەكاتەوە.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بارزانی داوەتی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی قبوڵکردووە، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیارینەکراوە و ئێستاش خەریکی ئامادەکاری سەردانەکەن بۆ تاران.

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کە دۆستایەتییەکی لە مێژینەی لەگەڵ ئێران هەیە و ئێستاش لە بارزانییەوە نزیکە دەڵێت "واباشترە چیدیكە كات لەگەڵ عێراق نەكوژین، بەڵكو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیی وەك ئێران قسە بكەین، چونكە ئەگەر بمانەوێت سەربەخۆیی رابگەیەنین یان كۆنفیدراڵی پێویستە وڵاتانی دراوسێ‌ هەڵوێستیان ئەرێنی بێت".

محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت "لە جیاتی ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق خەریکی کات کوشتن بێت، باشترە لەگەڵ ئێران قسە بکات، چونکە ئێران کاریگەرییەکی جددی هەیە لە سەر بڕیاری سیاسی حکومەتی عێراق".

بارزانی لەسەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران کۆ دەبێتەوە، لەوانە عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران. حەسەن روحانی، سەرۆککۆمار و ژمارەیەک گەورە بەرپرسی دیکە.

پەیوەندییە سیاسی، ئابووریی و سەربازییەکان ترۆپکی گفتوگۆکانی بارزانی دەبن لەگەڵ بەرپرسانی تاران، پرسی وزە دۆسیەیەکی دیکەیە کە رەنگە بارزانی لەگەڵ تاران باسیبکات، بە تایبەتی کە ئێستا هەولێر دەیەوێت رێگایەکی دیکە بۆ رەوانەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان بدۆزێتەوە.





روداو
Top