سالم شەبەک: ئیدی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال به‌شێك نابنه‌وه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا

 سالم شەبەک: ئیدی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال به‌شێك نابنه‌وه‌ له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا
نوێنەری شەبەک لە پەرلەمانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ به‌یه‌كگرتوویی هێشتنه‌وه‌ی مووسڵ زۆر زیانبار بوون و، ئیدی دەشتی نەینەوا و شنگال بەشێک نابنەوە لە پارێزگای نه‌ینه‌وا، بەڵکو دەبێت وەک پاکێجێکی تایبەت لە دەرەوەی سنووری مووسڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

گه‌لێك پێكهاته‌ی جیاواز له‌و سنووره‌دا یان له‌ ڕووبه‌رێكی جیۆگرافیی دیاریكراودا وێكرا ده‌ژین یاخوود دراوسێی یه‌كدین، له‌ پاش جه‌نگی تیرۆریشه‌وه‌ چەندین فەوجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پێکهاتە جیاوازەکانی دەشتی نەینەوا دروست کراون، کە راستەوخۆ سەر بەهەرێمی کوردستانن، كه‌ ئامادەن لە کەمترین کاتدا ناوچەکانی خۆیان ئازاد بکەنەوە.

(سالم شەبەک) راگەیاند: چەند هەزار پێشمەرگەمان لە ناو ڕێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و، چاوەڕوانی فەرمانی (سەرۆک بارزانی) دەکەین تا له‌ كاتی گونجاودا فه‌رمان بدا و ناوچه‌کانی خۆیان ئازاد بکەنەوە.

(شه‌به‌ك) گوتی: "جارێکی دیکە دەشت نەینەوا و شنگال بەشێک نابنەوە لە پارێزگای نه‌ینه‌وا، بەڵکو دەبێت وەک پاکێجێکی تایبەت لە دەرەوەی سنووری مووسڵ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و راستەوخۆ سەر بە هەرێمی کوردستان بێت، بۆ ئەمەش پرۆژەمان داوەتە سەرۆکایه‌تیی هەرێمی کوردستان، چونکە جگە لە هێزی پیشمەرگە هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت وەک خۆی مامەڵە و پارێزگاری لەو ناوچانە بکات".

گوتیشی: "ئێمە بەدەست مووسڵی یەکگرتوەوە ئازاری زۆرمان بینووە، سەدان جار هەڕەشە و دەربەدەری و كوشتارمان بینوە، بۆیە کاتی ئەوەیە بڕیار لە چارنووسی خۆمان بدەین و بگەڕێینەوە بۆ هەرێمی دەشتی نەینه‌وا كه‌ لەژێر چاودێری و بڕیاری هەرێمی کوردستاندا بێ. زۆر ڕوونیشه‌ كه‌ سوپای عێراق هیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ نییە، ئاخر ج هیوایه‌كمان پێی مابێ!.''
Top