هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بارزانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنن
ئەمڕۆ هەینی 27\5\2016، د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە 9\2\2016، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو نامەی فەرمیدا کە ئاراستەی ژان کلود ژانکەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و دۆناڵت تۆسک، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپای کردبوو، تێیدا داوای هاوکاری لە یەکێتیی ئەورووپا کردبوو. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە نامەکەدا بارزانی داوای کردووە، بەهۆی هێرشی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان کە قەیرانی داراییان دروست کردووە، یەکێتیی ئەورووپا هاوکاریی دارایی و ئابووری و سەربازیی هەرێمی کوردستان بکات.
ئاژگەیی ئەوەشی ڕوونی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و سەرۆکایەتیی یەکێتییەکە لە بڕۆکسل، پشتیوانیی خۆی بۆ هاوکاریکردنی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە، دواتریش سەرکردەکانی G7 لە یابان جارێکی دیکە، بڕیاری هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە. دووپاتیشی کردەوە: ”ئەم بڕیارانە و پشتگیرییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕووی سەربازی و دارایی و سیاسییەوە، سەرکەوتنی بەرچاو و گرنگی دیپلۆماسیی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانن کە گرنگە گەلی کوردستان لێی ئاگادار بن“.
