فەرمادەیەکی پێشمەرگە: پێشمەرگە بۆ شەڕی موسڵ ئامادەیە
جێگری فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر گوتی "پێشمەرگە بۆ شەڕی موسڵ ئامادەیە، بەڵام پێویستی بە بڕیاری سیاسیی هەیە، بڕیارەکەش لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەدرێ".
چیای زەرتک، کەمتر لە کیلۆمەترێک نێوانی پێشمەرگە و داعشە، لە رۆژئاوای چیاییەکە دەشتی نەینەوایە و هەمووی لەدەست داعشە.
موقەدەم لوقمان، لەگەڵ قەناسەکەی لەبەرەی شەڕە، چاوەڕێی فەرمانێک دەکات بۆ ئەوەی گوللە بەڕووی داعشەوە بتەقێنێ و سنوورەکانی شەڕیش بگوڕدرێن.
موقەدم لوقمان ئەبوبەکر، فەرماندەی پێشمەرگە گوتی "بەر لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی رەققەو فەللوجە، پێشمەرگە ئامادەی تەواوییان هەبووە بۆ شەڕی موسڵ، ئێستاش ئامادەباشی زۆرتر و باشتر هەیە".
چەکی پێشمەرگە هەمیشە سوارە، بەڵام وەک پێشمەرگەکان دەڵێن، لەبەرئەوەی شەڕی داعش لە خۆپاراستنەوە گۆڕدراوە بۆ شەڕی بەدەستهێنانی خاک، دوای شەڕی فەللوجە و رەققە ، نۆرەی موسڵ بێ و ئێستا کورد خۆی بۆ پێشڕەوی شەڕی موسڵ ئامادە دەکات.
فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن، شەڕی موسڵ جگە لە تەقاندنی تۆپ، شەڕی سیاسیشە و کلیلی قوفلی شەڕەکەش لەدەست کوردە و پێشمەرگەش بۆ تەقاندنی یەکەم فیشەک بۆ موسڵ چاوەڕێی فەرمانی سیاسییەکانە.
عەتۆ زێباری، جێگری فەرماندەی میحوەری خازر دەڵێت "پێشمەرگە ئامادەیە بۆ هەر بڕیارێکی سیاسی کە جەنابی سەرۆک بارزانی فەرمان بدات، بەڵام بڕوا ناکەین بۆ شەڕی موسڵ بە ئاسانی بڕیارەکە بدرێت، بەبێ کوردیش ناتوانین هیچ شتێک لە شەڕی موسڵ بەدەست بهێنن".
فەرماندەکانی پێشمەرگە دەڵێن، هەر شەڕێک ئەم جارە پێشمەرگە بیکات وەستانی نابێ تا دەگاتە سنووری کۆتایی باشووری کوردستان، کە 5% هێشتا لەدەست داعشدا ماوە.
