حكومەتی هەرێم 11 ملیۆن دۆلار دەداتە كۆمپانیای نەوتی گینێڵ ئینێرجی و هاوبەشەكانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆمپانیای گینێڵ ئینێرجی لەسەر وێبسایتی فەرمی خۆی رایگەیاند"لەگەڵ هاوبەشەكانی لەكێڵگەی نەوتی تەقە تەق بڕی 11 ملیۆن دۆلاریان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی خاو لەكێڵگەی نەوتی تەق تەق لەمانگی نیسانی 2016دا".
رونیشیكردووەتەوە"كۆی پشكی گینێڵ ئینێرجی لەبەرامبەر هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەی تەق تەق لەمانگی نیساندا بریتی بووە لە 6.05 ملیۆن دۆلار".
ئاماژەی بەوەشكردووە ئەو پارەیە بەشێكە لەرێكەوتن لەسەر شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكە لەبەرامبەر فرۆشتنی نەوتی كێڵگەی تەق تەق بۆ مانگی نیسان كە بریتییە لە 22 ملیۆنو 45 هەزار دۆلارو لەو ژمارەیەش 18 ملیۆنو 76 هەزار دۆلاری بریتییە لەشایستەی دارایی مانگانەی كۆمپانیاكەو بڕی 3 ملیۆنو 69 هەزار دۆلاری دیكەشی بریتییە لە گێڕانەوەی قەرزی كۆن، هەروەها گینێڵ پێشبینی كردووە بەمزووانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە باقی پارەی مانگی نیسانیان پێبدرێت كە دەكاتە 11 ملیۆنو 45 هەزار دۆلاری دیكە.
بەپێی گینێڵ ئینێرجی سەرجەم فرۆشی نەوت لەكێڵگەی تەق تەقەوە بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ تێكڕا بریتی بووە لە 67 هەزارو 405 بەرمیل نەوت لە رۆژێكداو تێكڕای نرخی فرۆشتنی نەوتیش بۆ ئەومانگە بریتی بووە لە 41بۆ48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك.
ئەو كۆمپانیا نەوتییە ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی خاو كە لەبیری سەرەكیی كێڵگەی تەق تەق هەناردەكراوە بڕی پێنج دۆلار كەمتر لەنرخی نەوتی برێنت داشكێنراوە ئەوەش بۆ كرێی گواستنەوەو كۆنتڕۆڵكردن.
بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی كۆمپانیاكە لە ماڵپەڕی خۆی نوسیویەتی، گینێڵ ئێنێرجی كۆمپانیایەكی پشكنینو بەرهەمهێنانی نەوتو گازە لەبازاڕی سەرەكی بۆرسەی لەندەن تۆماركراوە، كۆمپانیاكە بارەگاكانی لەشاری لەندەنەو لەشارەكانی ئەنكەرەو هەولێر ئۆفیسی هەیەو یەكێكە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت كە لەبۆرسەی لەندەن تۆماركراونو یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كە خاوەنی گەورەترین یەدەگ و سەرچاوەی نەوتیە لە هەرێمی كوردستان.
لەڕێگای هەردوو كێڵگەی گازیی(میرانو بنەباوی)یەوە وابڕیارە كۆمپانیاكە ببێتە دابینكاری سەرەكیی گاز بۆ توركیا، هەروەها كۆمپانیاكە لەهەوڵدایە بۆ هەلی گەشەكردنی زیاتر لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئەفریقا.
