پارێزگای هەولێر روونکردنەوە لەسەر رووخاندنی مزگەوتێک دەدات

 پارێزگای هەولێر روونکردنەوە لەسەر رووخاندنی مزگەوتێک دەدات
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر روونکردنەوە لەسەر رووخاندنی مزگەوتێک لە هەولێر دەدات و رایدەگەیێنێت، شوێنی ئەو مزگەوتە لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک لە هەولێر، لە نەخشەدا بۆ سەوزایی دانراوە و پێشتر لەسەر داوای خەڵکی ئەو گەڕەکە مزگەوتێکی کاتی تێدا دروستکراوە.

لە راگەیاندنی پارێزگای هەولێر کە رۆژی پێنجشەممە 26-5-2016 بڵاوکراوەتەوە دەڵێت:" هەولێر وەك چۆن بە درێژایی مێژووی پڕ لەسەرفرازی خۆی شاری خودا پەرستی و ئایینداری و پێكەوەژیانی برایانە بووە و نموونەی شارێكی كەم وێنەی جیهانی ئیسلامییە كە پتر لە پێنج سەد مزگەوتی شایستەو پڕ لە خزمەتگوزاری تێدایە كە لە زیاتر لە چوار سەد مزگەوت نوێژی هەینی و وتار دەدرێت و سەدان هەزار كەس بە دلنیایی و لە كەشوهەوای ئارام و فەزای ئایینداری نوێژ و فەریزە و تاعەت دەكەن و وەكو سیاسەتێكی پابەند بە بنەمای رێزگرتن لە ئایین و دلسۆزیی بۆ ریبازی خودا، هەموو ئاسانكاری پێویستیش كراوە بۆ دروستكردنی مزگەوتی شایستە و جوان كە شایانی خوداپەرستی و دلنییایی و ئارامیی رۆح و ویژدانیی خەڵكی ئیماندار بێت".

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەدات، ئەم شوێنە كە شوێنی سەوزاییە لەسەر داوای بەشێك لەخەڵكی پێنجی حەسارۆك لە جیاتی چادرو خێوەت كە داوایان وابوو، بەشێوەی كاتی بە پی ڤی سی وەكو موسەلا و شوێنی نوێژكردن بۆیان دروستكرا و بەتەكلیفیش پێش نوێژیكیان بۆدانرا لەلایەن وەزیری ئەوقافی پێشووتر، تا مزگەوتێك بە پێی مواسەفات و رێنمایی ئەوقاف و بەشێوەی سەردەمیانە لە گەڕەكەكە تەواو دەبێت.

پێشتر مەلا فاتیح مەلا سلێمان، گوتاربێژی مزگەوتی قوبا لە هەولێر راگەیاند بوو کە "رۆژی پێنجشەممە 19-5-2016 دووجار و بە دووبڕیاری جیاواز لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و شارەوانی چوار ئاگادارکراومەوە و پێیان راگەیاندم کە بڕیاری رووخانی مزگەوتی قوبا دەرچووە".

لەبەرامبەردا مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " هیچ بڕیارێک سەبارەت بە رووخانی مزگەوتی قوبا لە شاری هەولێر دەرنەچووە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

دەقی روونکردنەوەکەی پارێزگای هەولێر

سەبارەت بەو دەنگۆ و بانگەشە نارەوایانەی كە بۆ مەبەستی خراپەكاری و ورووژاندنی هەستی خەلكی ئیماندار باس لە تێكدانی مزگەوتێك لە گەرەكی پێنجی حەسارۆك دەكەن كە گوایە شارەوانی هەولێرو ئەوقاف و پارێزگای هەولێر تێكیانداوە و لەزۆر سایت و پێكەی ئەلیكترۆنی و تۆڕە كۆمەلایەتییەكان وەكو هەلمەتێكی چەواشەكارانە وێنەی مزگەوتێكی بە گومەزو منارەی وێرانكراویان دابەزاندووە كە گوایە ئەوە مزگەوتە تێكدراوەكەیە ، هەربۆیە بەپێویستی دەزانین بۆ رای گشتی و بەرچاوروونی خەلكی هەولێرو هەموو كوردستان ئەم روونكردنەوە بدەین :

1-هەولێر وەك چۆن بەدرێژایی مێژووی پڕ لەسەرفرازی خۆی شاری خودا پەرستی و ئایینداری و پێكەوەژیانی برایانە بووە و نموونەی شارێكی كەم وێنەی جیهانی ئیسلامییە كە پتر لە پێنج سەد مزكەوتی شایستەو پڕ لە خزمەتگوزاری تێدایە كە لە زیاتر لە چوار سەد مزكەوت نوێژی هەینی و وتار دەدرێت و سەدان هەزار كەس بە دلنیایی و لەكەشوهەوای ئارام و فەزای ئایینداری نوێژو فەریزەو تاعەت دەكەن و وەكو سیاسەتێكی پابەند بە بنەمای رێزگرتن لە ئایین و دلسۆزیی بۆ ریبازی خودا هەموو ئاسانكاری پێویستیش كراوە بۆ دروستكردنی مزگەوتی شایستەو جوان كە شایانی خوداپەرستی و دلنییایی و ئارامیی رۆح و ویژدانیی خەلكی ئیماندار بێت .

2- ئەم شوێنە كە شوێنی سەوزاییە لەسەر داوای بەشێك لەخەلكی پێنجی حەسارۆك لە جیاتی چادرو خێوەت كە داوایان وابوو ، بەشێوەی كاتی بە پی ڤی سی وەكو موسەلا و شوێنی نوێژكردن بۆیان دروستكرا و بەتەكلیفیش پێش نوێژیكیان بۆدانرا لەلایەن بەرێز وەزیری ئەوقافی پێشووتر تا مزگەوتێك بە پێی مواسەفات و رێنمایی ئەوقاف و بەشێوەی سەردەمیانە لە گەرەكەكە تەواو دەبێت .

3-ئیستا ماوەی حەوت مانگە مزگەوتێكی شایستە و بەتەواوی رێنمایی و مواسەفاتی ئەوقاف لەسەر رووبەری حەوت هەزار مەتری دووجا بەناوی مزگەوتی حاجی حسێن عەلیاوەیی لەو گەرەكە تەواوكراوەو بەفەرمی كراوەتەوە بە حەرەمێكی گەورە و هۆلی بۆنەكان و حوجرەی فەقێیان و هەموو خزمەتگوزارییەكی سەردەمیانە كە تەنها سەد مەتریش لەو شوێنەی نوێژكردن كە بەشێوەی كاتی و لەسەر شوێنێكی سەوزایی دروستكرابوو دوورە ، هەربۆیە لەسەر داوای خەلكی گەرەك و بەپێی لیستێكی ئیمزاكانیان كە دراوەتە شارەوانی و ئەوقاف و پارێزگا داوایان كردووە موسولا و شوینی نوێژكردنە كاتییەكە هەلبگیرێت و شوێنەكە بكرێتە سەوزایی و باخچە بۆ خزمەتی گەرەك .

4-هەربۆیە شارەوانی بەئەركی فەرمی و ئەخلاقی خۆی هەستاوەو قسەو گفتوگۆی لەگەل خەلكەكەی ئەو شوێنە كردووە كە ئەگەر رێگەبدەن شوێنی نوێژكردنەكە هەلبگیرێت و شوێنەكە بكەنە باخچەو سەوزایی بۆ سوودی گشتی چونكە لەرووی شەرعییەوە مزگەوتی شایستەیان بۆ دروستكراوەو ئەو زەروورەتە ناچارییە نەماوە كە ئیتر لەناو پی ڤی سی و شوینێكی ناشایستە نوێژ بكرێت و تا ئێستاش هیچ رێوشوێن و ئیجرائات نەكراوە بۆ هەلگرتنی موسەلاكە ، وەك ئەوەی كە وێنەی مزگەوتی بە گومەزو منارەی وێرانكراویان بلاوكردۆتەوە و خەلك بەلارێدا دەبەن و فرمێسكی تیمساح دەبارێنن ، ئێمە لەوەلامیاندا بە ئایەت و كەلامی پەروەردگار وەلامیان دەدەینەوە كە دەفەرموێت { یاأیها الژین ێ‌منوا إن جا‌وكم فاسق بنبأ فتبینوا أن تصیبوا قوما بجهالە فتصبحوا علی ما فعلتم نادمین } ، ئەو قسەو بانگەشەو بوختانانەی كە لێرەو لەوێ‌ باسی دەكەن بەشێكن لە چەواشەكاری و بەلاڕێدا بردنی خەلك و مەرامی خراپەكاری و فیتنەو دووبەرەكی لەپالدایە و بەمافی خۆشمانی دەزانین لەرێگەی یاسا داوایان لەسەر تۆماربكەین .

5-ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە ئەو كەس و لایەنانەی ئەو بانگەشە و بوختانانە هەلدەبەستن نەلە ئێمەو حكومەت و خەلكی هەولێر مولتەزیمترو پابەندترن بە ئایینی خوداو نە پەرۆشتریشن بۆ خزمەتی ئایین و پێكەوەژیانی برایانەو لێبوردەیی و هەرگیز ناشتوانن خەلك بەلارێدا ببەن و ناشتوانن مەبەستە خراپەكانیان لەپال قسەی بریقەدار و ورووژاندنی هەستی خەلكەوە بەدیبێنن و بە پشتەوانی خودا تەنها شەرمەزاری و روو زەردییان بۆ دەمێنێتەوە .

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر
26/5/2016
Top